Accessibility links

داعش کرستیانەکانی ڕەققە سەرکوت دەکات


ژمارەیەک لە چالاکوانانی سوریا بۆ دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند چەکدارانی داعش کەوتوونەتە سەرکوتکردنی ئەو ژمارە کەمە کرستیانەی لە شاری ڕەققە ماونەتەوە و لە ئێسـتادا ڕێگەیان پـێ نادەن شارەکە چۆڵ بکەن، هەرچەندە بە زۆرداری کردوویانن بە موسڵمان.

حوسام عیسا کە چالاکوانێـکی خەڵکی ڕەققەیە و لە گروپی " الرقة تذبح بصمت" چاودێری ڕەفتارەکانی داعش لە شارەکەی دەکات، گوتی" کرستیانەکان لاوازترین پـێـکهاتەی وڵاتەکەن."

پاشان عیسا کە لە شارەکەی هەڵاتووە و لە تورکیا نیشتەجێ بووە گوتیشی " کەس نیـیە کرستیانەکان بپارێزێت و تەنانەت هیچ هێزێـکی چەکداریشیان نیـیە بەرگریـیان لێبکات."

چالاکوانانی خۆجێی دەڵێن کرستیانەکان کە بۆ سەدان سـاڵە لە ڕەققە دەژین بەر لە شەڕی ناوخۆی سوریا نزیکەی 5% ی ئەو 400 هەزار دانیشتوانەی شارەکەیان پـێکدەهێنا. دەشڵێن پاش کەوتنی شارەکە بە دەستی هێزەکانی دژە حکومەت و بە دوایدا لە ساڵی 2014 وە بووەتە وەکو پایتەختی داعش، ڕێژەی کرستیانەکان لە شارەکە زۆر زۆر دابەزیوە.

چالاکوانان دەڵێن لە ئێسـتادا 43 خێزانی کرستیان لە ڕەققە ماونەتەوە و ناتوانن وەکو کرستیانەکانی دیکە لە شارەکە هەڵبێن.

جێی ئاماژەیە چەکدارانی داعش کاتێـک لە مانگی یەکی سـاڵی 2014 ڕەققەیان داگیرکرد سێ بژارەیان خستە بەردەم کرستیانەکانی شارەکە، ئەویش ببن بە موسڵمان، یان شارەکە چۆڵ بکەن، یانیش ڕووبەڕووی مەرگ ببنەوە.

XS
SM
MD
LG