هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیان بە پاڵپشتی هێزی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش و هەروەها هێزی تایبەتی ئەمەریکایی تەواوی شاری ڕەققە لە داعش ڕزگاربکەن.
تەڵاڵ سلو گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ سێشەممە بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی گوت ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکان لە شاری ڕەققە کۆتاییپـێهات و هێزەکانیان تەواوی شارەکەیان کۆنترڵکردووە.
گوتیشی لە ئێستادا سەرقاڵی گەڕانن بە دوای شانە نوستووەکانی داعش لە شارەکە و هەروەها پـوچەڵکردنەوەی ئەو بۆمبانەی چەکدارانی داعش لە بینا و شوێنە گشتیـیەکانی شارەکە چاندویانە.
کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ هەواڵەکەی پشـتڕاستکردەوە و لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی ڕایگەیاند ئەمڕۆ لە پاش ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیـیان کۆتایی بهێن بە چەکدارانی داعش لە دوا شوێنیان لە شارەکە کە لە ناوچەی دەوار ئەلنەعیم و نەخۆشخانەی وەتەنی و یاریگای شارەکە بوون، تەواوی شاری ڕەققە لە داعش ئازادکرا و بەمەش داعش لە تەواوی پارێزگای ڕەققە نەما. زۆربەی ئەو چەکدارانەی لە شەڕەکانی کۆتایـیدا کوژراون چەکدارانی بیانی بوون، لەوانەی ئامادەنەبوون خۆیان ڕادەستی هێزەکان بکەن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 6 ی مانگی شەش هێزەکانی سوریای دیموکرات قۆناغی پـێنجەم و کۆتایی ئۆپەراسیۆنی غەزەبی فوراتیان دەسـتپـێکرد بۆ ڕزگارکردنی شاری ڕەققە.کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافی مرۆڤ دەڵێت لە تەواوی ئۆپەراسیۆنەکە 3250 کەس کوژراون، لەوانە 1130 کەسیان خەڵکی سیڤیل بوون.