Accessibility links

سیناتۆرێکی ئەمەریکی پەیامێک لە سەرۆک ترامپەوە دەگەیەنێت بە پوتن


سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمەریکا ڕاند پۆڵ

سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمەریکا ڕاند پۆڵ وتی پەیامێکی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی گەیاندووە بە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و تیایدا پێشنیاری هاریکاری نێوان دوو وڵاتەکە کراوە، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەک لەو ڕەخنە توندانەی کە لە سەرۆک ترامپ گیران لەبارەی ئەوەوە کە ڕەخنەی لە پوتن نەگرتووە لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا لە هلسنکی.

سەرۆک ترامپ هەوڵدەدات گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا کەم بکاتەوە، ئەمەش سەرەڕای خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان بەهۆی ئەوەوە کە هەواڵگری ئەمەریکا ڕوسیای تۆمەتبار کردووە بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا.

پۆڵ وتی بەرەو مۆسکۆ گەشتی کردووە بۆ هاندانی دیبلۆماسیەت. پۆڵ یەکێکە لەو کۆمارییە کەمانەی کە بەرگرییان لە ڕەفتاری سەرۆک ترامپ کرد لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لەگەڵ پوتن لە هلسنکی.

پۆڵ لە تویتێکدا نوسیویەتی " خۆشحاڵ بووم پەیامەکەی سەرۆک ترامپم گەیاند بە سەرۆک ڤلادیمێر پوتن. پەیامەکە جەختی لە بەردەوامبوون لە هاریکارییەکان کردۆتەوە بە شێوەیەکی زیاتر لە کۆمەڵێک بابەتدا، لەوانەش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."

دەزگای ئینتەرفاکسی ڕوسیا لە زاری وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤەوە بڵاویکردەوە پەیامێک لەڕێی کەناڵی سیاسییەکانەوە گەیشتووە. پێسکۆڤ وتی هێشتا کرێملن ناوەڕۆکی پەیامەکەی نەزانیوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG