Accessibility links

وەزیری گواستنەوەی میسر دەست لەکارەکەی دەکێشێتەوە لە پاش ڕووداوی شەمەندەفەرەکە


وەزیری گواستنەوەی میسر داوای دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پـۆستەکەی پـێشکەشی سەرۆک وەزیری وڵاتەکەی کرد، ئەمەش پاش ڕووداوی شەمەندەفەرەکەی قاهیرەی پایتەخت کە بووە مایەی گیان لەدەستدانی دەیان کەس.

هیشام عەرەفات ئەمڕۆ چوارشەممە داواکەی خستە بەردەم مستەفا مەدبولی سەرۆک وەزیر و بەپـێی لێدوانی سەعەد نادر گوتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی میسر، سەرۆک وەزیر داواکەی پەسەندکردووە و گوتویەتی ئەوانەی بوونەتە هۆی ئەم ڕووداوە دەبێت سزا بدرێن.

ڕووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ لە وێستگەی ڕەمسیسی قاهیرە بووە، کاتێک شەمەندەفەرێک بە خێرایی خۆی کێشابوو بە بەربەستی سەر کۆتایی هێڵی ئاسنینەکە و لە ئاکامدا تانکەری سووتەمەنی شەمەندەفەرەکە تەقیوەتەوە و ئاگرێکی گەورە شوێنەکەی گرتووەتەوە.

بەپـێی دوایـین ئاماری دەزگا تەندروستیـیەکانی میسر سەبارەت بە قوربانیانی ڕووداوەکە، بە لایەنی کەم 25 کەس گیانیان لەدەستداوە و 47 کەسی دیکە برینداربوون.

XS
SM
MD
LG