Accessibility links

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی بۆردومانکردنی وێستگەی زاپۆریژای ئۆکرانیا دەکات


وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا
وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە بۆردومانکردنی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا لە ئۆکرانیا، وتیشی ئەم کارانە مەترسی کارەساتی ئەتۆمییان لێدەکەوێتەوە.

ڕۆژی شەممە ڕووسیا و ئۆکرانیا یەکترییان بە تۆمەتی ئەنجامدانی " تیرۆری ئەتۆمی " تۆمەتبارکرد. کۆمپانیای ئینەرگۆتۆمی سەر بە دەوڵەتی ئۆکرانیا ڕووسیای بە بەرپرس زانی لەو زیانانەی کە بەر وێستگەکە کەوتوون، هاوکات وەزارەتی بەرگری ڕووسیا هێزەکانی ئۆکرانیای بە تۆمەتی بۆردومانکردنی وێستگەکە تۆمەتبار کرد.

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافایل گرۆسی لە بەیاننامەیەکدا وتی " من زۆر نیگەرانم سەبارەت بە بۆردومانەکەی دوێنێی سەر گەورەترین وێستگەی ناوەکی لە ئەوروپادا، ئەمە تیشک دەخاتە سەر مەترسییەکی جددی کەوتنەوەی کارەساتێکی ئەتۆمی."

گرۆسی داوای لە سەرجەم لایەنەکانی ململانێکانی ناو ئۆکرانیای کرد لە دەوروبەری وێستگەکەدا " بەتەواوەتی دان بەخۆیاندا بگرن."

لە سەرەتای مانگی سێدا ڕووسیا کۆنتڕۆڵی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژای کرد، بەڵام هێشتا وێستگەکە لەلایەن کارمەندانی ئۆکرانیاوە بەڕێوەدەبرێت. ڕۆژی هەینیش بەهۆی بۆردومانێکەوە زیان بە هێڵێکی کارەبای وێستگەکە کەوتووە، کارمەندانی وێستگەکەش ناچار بوون ڕیاکتەرەکە ببڕن، سەرەڕای ئەوەی تێبینی دزەکردنی تیشک نەکراوە.

ئینەرگۆتۆم دەڵێت ڕووسیا ویستوویەتی وێستگەکە لە سیستمی کارەبای ئۆکرانیا ببڕێت و کارەبای باشووری ئۆکرانیا ببڕێت. وتیشی هێزەکانی ڕووسیا چەک و تەقەمەنییان لە دوو یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبادا لە وێستگەکە داناوە و کەناری دەرەوەی وێستگەکەیان مینڕێژکردووە.

کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەگەرێکی زۆر هەیە کە هەموو ئەمانە ببنە هۆی کەوتنەوەی کارەساتێکی ئەتۆمی دزەکردنی تیشکەکە."

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی بەهۆی " کارامەیی و کاریگەریی کردەوەکانی هێزەکانییەوە " توانراوە ڕێگری بکرێت لە کەوتنەوەی زیان بە وێستگەکە.

گرۆسی وتی ئەو کارە سەربازییانەی کە پارێزراوی و ئاسایشی وێستگەی زاپۆریژا دەخەنە مەترسییەوە " بەتەواوەتی جێی قبوڵکردن نین و دەبێت بە هەر نرخێک بێت ڕێگەیان لێبگیرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG