Accessibility links

قەتەر بنکەکانی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی فراوانتر دەکات


جێگری فەرماندەی هێزی ئاسمانی قەتەر دەڵێت پەرە بە هێزی ئاسمانی وڵاتەکەیان دەدەن و بنکە ئاسمانیـیەکانیان فراوانتر دەکەن و بنکەی نوێ دەکەنەوە.

جەنەڕاڵی فڕۆکەوان ئەحمەد مالیکی لە لێدوانێکدا بۆ گۆڤاری "تەلائع" ی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی گوتی بنکەی ئاسمانی ئەلعەدید، ئەوەی هێزی ئاسمانی قەتەر و ئەمەریکا و بەریتانیا بەکاری دەهێنن فراوانتر دەکرێت و پەرە بە بنکەی دۆحە دەدەرێت و بنکەیەکی نوێ دەکرێتەوە بە ناوی تەمیم.

جەنەڕاڵ ئەحمەد مالیکی ئاشکراشی کرد فڕۆکەی نوێـیان پـێدەگات لە جۆرەکانی ڕافاڵی فەڕەنسایی و F15 ی ئەمەریکایی و تایفۆنی ئەوروپایی لەگەڵ هەلیکۆپتەری پـێشکەوتووی ئەپاچی ئەمەریکایی و NH90 ی ئەوروپایی.

گوتیشی بە سەدان قەتەری ڕەوانەی ئەو وڵاتانە دەکەن کە گرێبەستی کڕینی ئەو فڕۆکانەیان لەگەڵدا واژودەکەن، ئەمەش تاوەکو لەوێ مەشق و ڕاهێنانیان پـێبکرێت و بڕوانامە بە دەسـتبهێنن هەر لە ئاستی تەکنیکی هەتا پـلەی دکتۆرا.

هەروەها گوتی لە ئێستادا هێزی ئاسمانی وڵاتەکەیان 10 هێندە جاران پەرەی پـێدراوە و ئامانجیانە هەتا ساڵی 2030 بە ئاستێک پەرەی پـێبدەن کە ببێتە 5 هێندەی ئێستای.

جێی ئاماژەیە قەتەر وڵاتێکی بچووکی کەنداوە و لە ئێستادا پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی بڕاوە. هەریەک لە عەرەبستانی سعودیـیە و ئیمارات و میسر و بەحرەین لە مانگی شەشی ساڵی 2017 وە پەیوەندیـیەکانیان لەگەڵ قەتەر بڕی، دەڵێن پشـتیوانی لە تێرۆرزم دەکات، بەڵام قەتەر ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG