کاربەدەستانی قەتەر ڕایگەیاند هاوڵاتیانی 80 وڵاتی جیهانیان لە وەرگرتنی ڤیزە بەخشیوە و دەتوانن ڕاستەوخۆ سەردانی وڵاتەکەیان بکەن.
حەسەن ئەلئیبراهیم سەرۆکی کەرتی گەشەدانی گەشتیاری لە قەتەر ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دۆحەی پایتەخت گوتی وڵاتەکەی هەنگاوێکی گرنگی ناوە لە بواری گەشتیاری، ئەویش خۆشبوون لە ڤیزە بۆ هاوڵاتیانی 80 وڵات.
ئەم 80 وڵاتە کراون بە دوو گروپ، گروپی یەکەم 33 وڵاتی تێدایە، لەوانە تورکیا، سوید، ئەڵمانیا، نەمسا. ئەم وڵاتانە هاوڵاتیانیان دەتوانن بۆ ماوەی 90 ڕۆژ لە قەتەر بمێننەوە، بەڵام گروپی دووەم کە ئەمەریکا و کەنەدا و بەریتانیا و لوبنان و ڕووسیای تێدایە، دەتوانن بۆ ماوەی 30 ڕۆژ بمێننەوە.
حەسەن ئەلئیبراهیم گوتیشی بەمەش قەتەر دەبێتە کراوەترین وڵاتی ناوچەکە.
لە لایەکی دیکە عەقید محەمەد ڕاشد ئەلمزروعی بەڕێوەبەری کاروباری پاسپـۆرت لە فڕۆکەخانەی دۆحە گوتی هاوڵاتیانی ئەو 80 وڵاتە دەتوانن ڕاستەوخۆ بێن بۆ قەتەر و بەبێ بەرامبەر مۆڵەتی هاتنە ناو وڵاتەکەیان پـێدەدرێت.
جێی ئاماژەیە جگە لە وڵاتی لوبنان هیچ وڵاتێکی دیکەی عەرەبی لە نێو ئەو 80 وڵاتەدا نیـیە. لەوەتای لە مانگی شەشەوە عەرەبستانی سعودیـیە و ئیمارات و بەحرەین و میسر پەیوەندیـیەکانیان لەگەڵ قەتەر بڕیوە، ئەم وڵاتە دووچاری نیمچە گەمارۆیەک بووە، بۆیە هەوڵ دەدات زیاتر بەرەو ڕووی جیهاندا کراوە بێت.