سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە وتی ڕۆی چوارشەممە فڕۆکەیەکی قەتەڕی بە تیمێکی تەکنیکیەوە لە فڕۆکەخانەی کابوڵ نیشتۆتەوە، مەبەست لە هاتنی ئەو تیمە بۆ کابوڵ تاوتوێکردنی چالاککردنەوەی ئەرکەکانی فڕۆکەخانەی کابوڵە.
سەرچاوەکە بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " فڕۆکەیەکی قەتەڕی بە تیمێکی تەکنیکیەوە لە کابوڵ نیشتەوە بۆ تاوتوێکردنی چالاککردنەوەی ئەرکەکانی فڕۆکەخانەکە."
وتیشی " لەکاتێکدا هیچ ڕێکەوتنێکی کۆتایی نەبووە سەبارەت بەوەی قەتەڕ لەڕووی تەکنیکیەوە یارمەتی تاڵیبان بدات، تیمە قەتەڕییەکە لەسەر داوای تاڵیبان هاتوون."
وتیشی " گفتوگۆکان لەسەر ئاسایش و ئەرکەکان هێشتا بەردەوامن."
سەرچاوەکە وتی مەبەست لەمە دەستپێکردنەوەی گەشتەکانە بۆ یارمەتی مرۆییەکان و ئازادی هاتوچۆ، لەوانەش دەستپێکردنەوەی هەوڵەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیان.
میدیای عەرەب لە تویتەر لە زاری وتەبێژی تاڵیبانەوە بڵاویکردۆتەوە " تاڵیبان بە فەڕمی داوای لە قەتەڕ کردووە بەزووترین کات یارمەتیان بدات لە بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکەدا."
لە دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی کابوڵی کردەوە، ئەمەریکا و هاوپەیمانان زیاتر لە 123,000 کەسیان لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە گواستەوە بۆ دەرەوەی ئەفغانستان، بەڵام هێشتا خەڵکانێک ماون دەیانەوێت وڵاتەکە جێبهێڵن.
بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن فڕۆکەخانەی کابوڵ لە باردودۆخێکی خراپدایە و زۆربەی ژێرخانەکەی کۆنە یاخود لەناوچووە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس