Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: لە قەتەرەوە بۆ ئێران


جارێکی تریش کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێتەوە جێی مشتومڕێکی تری سیاسیانە لە قەیرانی وڵاتانی کەنداوی فارسدا.

دەستپێکردنی ئەم قەیرانە نوێیە دوابەدوای سەردانەکەی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بۆ عەرەبستانی سعودیە و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێبەرانی وڵاتانی جیهانی ئیسلامیدا.

سەرۆک ترامپ لەو سەردانەیدا جەختی لە بنەبڕکردنی سەرچاوەکانی تێرۆریزم کردەوە و ئێرانیشی بە سەرچاوەیەک و بە پشتیوانکاری تێرۆریزم ناودێر کرد لەو ناوچەیەی جیهاندا.

ژمارەیەک وڵاتی کەنداو، لەوانە عەرەبستانی سعودیە، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، بەحرەین، پەیوەندییەکانی خۆیان بڕی لەگەڵ وڵاتی قەتەردا و دواتر وڵاتی میسریش پشتیوانی لەو بڕیارەی کەنداویەکان کرد و پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ قەتەردا بڕی.

هەر هەموو ئەو وڵاتانە لەو بڕیارەیاندا ئاماژە بە گومانەکانی خۆیان دەکەن لەو پەیوەندیانەی قەتەر و ئێران هەیانە، ئەمە بێ لەوەی قەتەر بە یارمەتیدانی تێرۆریستانی ناوچەکە گوناهبار دەکەن، هەروەهاش بە کۆمەک کردنی ئەو لایەنانەی سەر بە ئێرانن لە ناوچەکانیندا هەن.

میوانی بەرنامە:
دکتۆر موعتەسەم تاتایی، پسپۆڕی ئابوری و سیاسی.

دکتۆر موعتەسەم تاتایی
دکتۆر موعتەسەم تاتایی

عەرەبستانی سعودیە دەڵێت قەتەر هەموو هەوڵێکی خۆی داوە تا ئێران بگەڕێنێتەوە سەر شانۆی جیهانی لەکاتێکدا لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی تاران بەهۆی جموجۆڵ و ڕەفتارەکانیشیەوە لە ناوچەکەدا لە پەراوێز نراوە.

عەرەبستانی سعودیە لە پێش نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەرەوە سەرکردایەتی ئەو هاوپەیمانێتییە دەکات کە بۆ پشتیوانی حکومەتی یەمەن پێکهێنرا و کەوتە لێدانی حوسیەکان کە شیعەن و ئێران پشتیوانییان لێدەکات.

پێشتریش قەتەر ئاشکرایانە لەگەڵ هەڵوێستەکانی دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامیدا نەبووە و داوای کردووە کە ئەو هەستە دژە ئێرانە لە ناوچەکەدا بڕەوێتەوە.

ئەگەر چی ئەم قەیرانە نوێیە زیاتر تانوپۆیەکی ئاینزایی پێوەیە، بەڵام ناشکرێت دۆستایەتی و پشتیوانییەکانی قەتەر بۆ ئیخوانولموسلمینەکانی وڵاتی میسریشبە هێند وەرنەگیرێت وەک هۆکارێکی تر بۆ ساردوسڕی ئەو پەیوەندیانەی قەتەر و وڵاتانی تری کەنداو.

تورکیا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ناردنی هێزی سەربازی بۆ قەتەر لە کاتێکدا زۆرێک لە وڵاتانی جیهان داوای دیالۆگێکی چڕ و پڕ دەکەن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم قەیرانە.

هاوکاتی ئەم پشێوی و ئاڵۆزیانە لە ناوچەکەدا دوو تەقینەوە و هێرش لە تاران ڕوودەدەن، یەکێکیان لەناو ئەنجومەنی شورای ئێران و ئەوی تریشیان لەسەر مەزاری ئایەتوڵا خومەینی.
تاران، شانشینی عەرەبستانی سعودیە گوناهبار دەکات بۆ ئەو هێرشانە.

ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاندووە و دیمەنی ڤیدیۆیی ئەو هێرشانەشیان بڵاوکردۆتەوە.

سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەڵێت ئەو ڕاگەیاندنەی داعش سەلماندنە کە عەرەبستانی سعودیە لە پشت هێرشەکانەوە بووە.

ئایا ئەوەی ڕوودەدات بەشێکە لە ململانێی شیعە و سوننە لە ناوچەکەدا؟

ئایا کات و شێوازی فشارەکان بە چ جۆرە پەیامێک لێکدەدرێنەوە؟

ئایا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانێت دەستبەرداری قەتەر بێت لە پێناو عەرەبستانی سعودیەدا، لە کاتێکدا گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکا لە قەتەرە؟

ئایا ئەم کێشە نوێیە کاریگەری نەرێنی بەسەر نرخی نەوت و نرخی دراویەوە دەبێت؟

ئایا قەتەر مل دەدات بۆ فشارەکانی عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب؟

ئایا ناردنی هێز لەلایەن تورکیاوە بۆ قەتەر دەبێتە مایەی جموجۆڵی تری لەشکری لە ناوچەکەدا؟

ئایا هەر بە گوشار خستنە سەر قەتەر کۆتایی بە پشتیوانییەکان بۆ تێرۆریزم دەهێنرێت؟

ئایا دەکرێت ئەو هێرشانەی کرانە سەر ئێران وەک بەڵگەیەک لێی بڕوانرێت کە تاران پشتیوانی لە تێرۆریزم ناکات؟

دکتۆر موعتەسەم تاتایی، پسپۆڕی سیاسی و ئابوری لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:01 0:00

XS
SM
MD
LG