Accessibility links

پێدەچێت قەتەر نووسینگەی سیاسی حەماس لە دەوحە دابخات


بەپێی بەرپرسێکی نزیک لە هەڵسانگاندنەکانی قەتەرەوە، قەتەر ڕەنگە ئۆفیسە سیاسییەکەی حەماس لە دەوحە دابخات، ئەوەش لە چوارچێوەی پێداچوونەوەیەکی بەرفراوانتر بە ڕۆڵەکەیدا وەکو نێوەندگر لە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و چەکدارانی حەماسدا.

بەرپرسەکە بە ڕۆیتەرزی وت قەتەر بیر لەوە دەکاتەوە کە ئایا ڕێگە بدات بە حەماس بەردەوام بێت لە بەڕێوەبردنی ئۆفیسە سیاسییەکەی لە دەوحە یاخود نا، لە پێداچوونەوە بەرفراوانەکەشدا تاوتوێی ئەوەش دەکرێت کە ئایا قەتەر بەردەوام بێت لە نێوەندگریکردن لە جەنگەکەی ناو غەززەدا یاخود نا.

مانگی ڕابردوو قەتەر وتی دووبارە هەڵسەنگاندن دەکاتەوە بە ڕۆڵەکەیدا وەکو نێوەندگر لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا، ئاماژەی بە نیگەرانییەکاندا لەسەر ئەوەی کە هەوڵەکانی وەکو نێوەندگر لە ڕێی ئەو سیاسییانەوە کە دەیانەوێت خاڵ کۆبکەنەوە خراوەتە مەترسییەوە.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی " ئەگەر قەتەر نێوەندگری نەکات، ئەوا چیتر هۆکارێک نابینن بۆ هێشتنەوەی ئۆفیسە سیاسییەکە. لەبەرئەوە ئەوە بەشێکە لە دووبارە هەڵسەنگاندنەکان."

بەرپرسەکە نەیزانی کە ئەگەر حکومەتی قەتەر بڕیار بدات ئۆفیسەکەی حەماس دابخرێت داوا لە حەماس دەکرێت دەوحە جێبهێڵن یاخود نا. بەڵام بەرپرسەکە وتی پێداچوونەوەکەی قەتەر بە ڕۆڵەکەی خۆیدا پەیوەست دەبێت بە چۆنێتی ڕەفتارکردنی ئیسڕائیل و حەماسەوە لە ماوەی گفتوگۆکاندا.

ڕۆژی هەینی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسێکی نەناسراوی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە واشنتن بە دەوحەی وتووە حەماس دەربکات ئەگەر حەماس بەردەوام بێت لە ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسڕائیلدا.

لە ساڵی 2012 ەوە قەتەڕ لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا لەگەڵ ئەمەریکادا میوانداری سەرکردەکانی حەماسی کردووە.

سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە لە دەوحە دەژی لە دوای هێرشە کوشندەکەی حەماسەوە بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل لە 7 ی مانگی 10 دا بەردەوام گەشتی کردووە، لەوانەش بۆ تورکیا.

لە دوای ئەو هێرشەوە، قەتەر کە بە یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی واشنتن دادەنرێت لە دەرەوەی ناتۆدا، ڕووبەڕووی ڕەخنەی ئەمەریکا و ئیسڕائیل بووەتەوە لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەماسدا.

هەندێک لە یاسادانەرانی ئەمەریکا داوایان لە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کردووە دووبارە هەڵسەنگاندن بکاتەوە بە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ قەتەڕ، ئەوەش لە کاتێکدا کە ئەگەر قەتەر فشار نەخاتە سەر حەماس بۆ ڕازیبوون بە ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان. وڵاتانی دیکەش داوایان لە قەتەر کردووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەماسدا ببڕێت.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهوش داوای لە قەتەڕ کردووە فشار بخاتە سەر حەماس. قەتەر و ئیسڕائیل پەیوەندی فەڕمی نیە لە نێوانییاندا بەڵام بەرپرسەکانییان بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکانی نێوەندگریکردن لە جەنگەکەدا کۆدەبنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG