Accessibility links

قەتەڕ: پێویستە لەسەر وڵاتانی کەنداو و ئێران لەسەر شێوازێکی گفتوگۆکردن ڕێکبکەون


وەزیری دەرەوەی قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانی
وەزیری دەرەوەی قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانی

وەزیری دەرەوەی قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانی وتی وڵاتانی کەنداو و ئێران پێویستیان بەوەیە لەسەر شێوازێکی گفتوگۆکردن ڕێکبکەون تاوەکو نیگەرانییەکان نەمێنن و گرژییەکانی ناوچەکە کەم بکرێنەوە.

وەزیری دەرەوەی قەتەڕ لە هەمان کاتیشدا پێشوازی لە هەنگاوەکانی تورکیای هاوپەیمانی قەتەڕ کرد بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ سعودیە و میسڕدا و داوای لە دوو وڵاتە عەرەبییەکە کرد بەردەوام بن لە گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیادا.

شێخ محەمەد بە ڕۆیتەرزی وت " ناوچەکە پێویستی بەوەیە هەست بە هەندێک لە سەقامگیری بکات و پێویستی بەوەیە سەرجەم یاریکەرەکانی ناوچەکە هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکان بدەن."

وابڕیارە هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی سعودیە بکات، ئەم سەردانەش دوای دانوستانەکانی نێوان تورکیا و میسڕ دێت کە ئامانج لێی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان بوو.

وەزیری دەرەوەی قەتەڕ وتیشی " من دڵنیام لەوەی ئەگەر سەرجەم لایەنەکان پێکەوە دابنیشن ئەوا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG