Accessibility links

وەزیری دەرەوەی قەتەر دەڵێت وڵاتەکەی دەستبەرداری سیاسەتەکانی نابێت


وەزیری دەرەوەی قەتەر دەڵێت وڵاتەکەی ئامادە نیـیە چۆک دابدات و دەسـتبەرداری سیاسەتە دەرەوەیـیەکانی ببێت.

محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە دۆحەی پایتەخت ئەمەی بۆ ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاند و گوتی هەرگیز پـێشتر بەم شێوەیە دوژمنایەتی وڵاتەکەی نەکراوە.

گوتیشی ئەم گرژیـیەی نێوان قەتەر و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی هاتووەتە ئاراوە دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری تەواوی ناوچەکە، وە دۆحە هێشتا لەگەڵ بژارەی چارەسەری دیپـلۆماسیدایە.

وەزیری دەرەوەی قەتەر باسی لەوەش کرد هێشتا داواکاری ئەو وڵاتانەی پەیوەندیـیان لەگەڵ وڵاتەکەیدا بڕێوە ڕوون نیـیە. بە دوریشی زانی ناکۆکیـیەکە بە ئاقارێکی لەشکریدا بڕوات و جەختی لەوە کرد هیچ هێزێکی لەشکری قەتەر جموجۆڵی پـێنەکراوە.

سەبارەت بە بڕیاری دوێنێ چوارشەممەی پەرلەمانی تورکیا بۆ پەسەندکردنی ناردنی هێزی تورکی بۆ قەتەر، ئال ثانی گوتی ئەو هێزانەی تورکیا کە بڕیارە بۆ قەتەر بێن لە پـێناو بەرژەوەندی تەواوی ناوچەکەیە.

جێی ئاماژەیە دوێنێ پەرلەمانی تورکیا لەسەر داوای بە پەلەی حکومەتی وڵاتەکەی ئەو ڕێکەوتـننامانەی ڕابردووی نێوان ئەنکەرە و دۆحەی پەسەندکرد کە ڕێگە بە تورکیا دەدات بنکەی لەشکر لە قەتەر هەبێت و هێزی بۆ ڕەوانەبکات بە قەبارەیەک کە هەردوو وڵات لەسەری ڕێکدەکەون. هەروەها لە ڕێکەوتنـنامەکاندا هاتووە، لەشکری هەردوو وڵات مەشق و ڕاهێنان و مانۆڕ زەمینی و دەریایی و ئاسمانی پـێکەوە ئەنجام دەدەن.

XS
SM
MD
LG