Accessibility links

دوای نەمسا و ئەڵمانیا و فەرەنسا، هێڵی ئاسمانی ئوسترالیاش بەسەر ئاسمانی ئێراندا نافڕێت


هێڵی ئاسمانی کوانتسی ئوستڕاڵیا ڕایگەیاند بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێرەوی گەشتەکانی نێوان پێرث و لەندەنی گۆڕیوە، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکانەوە سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتێکدا کە ئەگەری ڕوودانی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل زیادیکردووە.

وتەبێژی کوانتس وتی " بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێڕەوی گەشتەکانمان لە نێوان پێرث و لەندەندا دەگۆڕین، ئەوەش بەهۆی بارودۆخی چەند بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. وتیشی دەستبەجێ ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کڕیارەکانمانەوە دەکەین ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک لە حیجزەکانییاندا ڕووبدات."

کوانتس وتی هیچ گەشتێکی نێوان پێرثی ڕۆژئاوای ئوستڕاڵیا و لەندەن نەوەستاون یاخود هەڵنەوەشێندراونەتەوە، بەڵام تەنها ڕێڕەوی گەشتەکەیان گۆڕاوە و لە سینگاپوورەوە دەڕۆن.

وتیشی گەشتەکانی دیکەش بۆ لەندەن و بە پێچەوانەشەوە نەگۆڕاون چونکە ڕێڕەوێکی دیکە دەگرنەبەر.

هەروەها لە دوایین سەعاتەکانی ڕۆژی هەینیدا کۆمپانیای ئەیر فەرەنس ڕایگەیاند کە بەهۆی "دۆخی ناجێگیر"ەوە بەسەر ئاسمانی ئێراندا نافڕێت و بەپێی ئەم ڕاگەیاندنە، ئەم بڕیارە دوای بەرزبوونەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دراوە.

وتەبێژی ئەیر فرەنس ڕایگەیاندووە، سێ گەشتی سەر بە ئەم هێڵە ئاسمانییە ڕێگاکانیان گۆڕیوە کە بڕیار بوو بەسەر ئاسمانی ئێراندا ئەنجام بدرێت و بە دواکەوتنی چەند کاتژمێرێک دەگەنە شوێنی مەبەست.

پێشتریش دوو هێڵی ئاسمانی بە ناوەکانی لوفتانزا و هێڵی ئاسمانی نەمسا ڕاگرتن و گۆڕینی ڕێڕەوی گەشتەکانیان بۆ ئێران ڕاگەیاندبوو.

ڕۆژی هەینی ئیسڕائیل خۆی ئامادەکرد بۆ هێرشی ئێران یاخود لایەنگرەکانی لە کاتێکدا کە هۆشدارییەکان لەسەر تۆڵەکردنەوەی کوژرانی ئەفسەرە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق زیاتر بوون. سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی پێشبینی هێرشێک دەکات " بەمزووانە " ڕووبدات، بەڵام هۆشداریدایە تاران ئەو هێرشە ئەنجام نەدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG