حیزبی زه‌حمه‌تکێشانی سه‌ربه‌خۆی کوردستان له هه‌رێمی کوردستانی عێراق ناوی خۆی ده‌گۆڕێت بۆ پارتی ئاینده‌ی کوردستان و سکرتێره‌که‌شی ده‌ڵێت گۆڕانێکی ئه‌وتۆ له به‌رنامه و کاری ئه‌م پارتیه نوێیه‌دا نابێت و درێژه پێده‌ری هه‌مان ڕێبازی حیزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانه.
قادر عه‌زیز ده‌ڵێت هه‌ڵوێسته‌کانی پێشوویان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیه‌کان و نادادپه‌روه‌ری له هه‌رێمه‌که‌دا و کشانه‌وه‌یان له هاوپه‌یمانێتی کوردستاندا وایانکرد لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمه‌که‌دا وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌ک ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی حیزبی زه‌حمه‌تکێشان جیابکه‌نه‌وه و هه‌موو شتێکیان بده‌نێ.
به‌ڕێز عه‌زیز ده‌شڵێت پێشتریش له‌گه‌ڵ لایه‌نه ئیسلامیه‌کاندا نزیک بوون و ئێستاش مه‌سه‌له‌ی سیکیولاری و ئیسلامی به گرفت نازانێت و هاوڕایی و هاو به‌رنامه‌یی به گرنگ ناودێر ده‌کات بۆ پرۆسه‌ی ڕیفۆرم له هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا.
چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر حیزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان ناکۆکی تێکه‌وت و بوو به دوو به‌شه‌وه و مه‌سه‌له‌ی ناوه‌که‌شی لای کام لایان بمێنێته‌وه له دادگا یه‌کلایی کرایه‌وه و لایه‌نه‌که‌ی قادر عه‌زیز ناوی خۆی کرد به حیزبی زه‌حمه‌تکێشانی سه‌ربه‌خۆی کوردستان.
حیزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان له ناوه‌ڕاستی ساڵانی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا دامه‌زرا.
به‌ڵێن ساڵح وتووێژی له‌گه‌ڵ قادر عه‌زیز ، سکرتێری پارتی ئاینده‌ی کوردستان کردووه.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی وتووێژه‌که بن که ماوه‌که‌ی 6:58 خوله‌که.