Accessibility links

کرێملن: پوتن و شی تاوتوێی ئۆکرانیا و تایوان دەکەن


کرێملن دەڵێت ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی چین شی جین پینگ لە ئۆزبەکستان کۆدەبنەوە و تاوتوێی پرسی ئۆکرانیا و تایوان دەکەن، وتیشی کۆبوونەوەکە لە ڕووی جیۆسیاسییەوە " گرنگییەکی تایبەتی " دەبێت.

دوای دوو ساڵ ئەمە یەکەمین جار دەبێت سەرۆکی چین شی جین پینگ گەشتی دەرەوەی چین بکات و سەردانی ناوەڕاستی ئاسیا دەکات و لەگەڵ پوتندا کۆدەبێتەوە.

ڕاوێژکاری کرێملن یوری یوشاکۆڤ گوتی " دوو سەرۆکەکە تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوانیان و پرسە سەرەکییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەن."

گوتیشی " هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنی دەدەن لەسەر ئەو متمانە بێپێشینەیەی کە لە پەیوەندییە ستراتیژییەکەی نێوان دوو وڵاتەکەدا هەیە."

قووڵبوونەوەی هاوبەشییە " بێ سنوورەکەی " نێوان ڕووسیا و چین گەشەسەندنێکی جیۆسیاسییە و ڕۆژئاوا بە دڵەڕاوکێیەوە چاودێری دەکات.

بەپێی کرێملن، بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە لە ساڵی 2021 دا گەیشتۆتە 140 ملیار دۆلار، هاوکات لە حەوت مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا نزیکەی 93 ملیار دۆلار بووە.

چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ڕووسیایە و یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی مۆسکۆ.

ڕووسیاش هەوڵ دەدات فرۆشتنی گازەکەی بە چین زیاتر بکات و هێڵێکی بۆری گازی نوێ بۆ چین دروست بکات لە کاتێکدا کە بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا هەناردەکردنی گازەکەی بۆ ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوە.

یوشاکۆڤ گوتی مۆسکۆ هەڵوێستی چین بەرامبەر " قەیرانی ئۆکرانیا " بەرز دەنرخێنێت، وتی پەکین " بە شێوەیەکی هاوسەنگ " مامەڵەی لەگەڵ قەیرانەکەدا کردووە.

گوتی چین " بە ڕوونی لەو هۆکارانە تێدەگات کە ڕووسیای ناچار کرد ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتییەکەی دەست پێبکات. بێگومان ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەکەی دواتردا باسی لێوەدەکرێت."

کۆبوونەوەکەی شی و پوتن لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەی ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهایدا دەبێت لە ئۆزبەکستان.

یوشاکۆڤ گوتیشی پێشبینی ناکرێت هیچ گرێبەستێکی وزە لە ئۆزبەکستان واژۆ بکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG