Accessibility links

پوتن سەردانی شاری ماریوپۆڵی داگیرکراوی ئۆکرانیا دەکات


دەزگای ڕاگەیاندنی ڕووسیا بڵاویکردەوە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە سەردانێکی کتوپڕدا گەیشتۆتە شاری ماریوپۆڵی داگیرکراوی ئۆکرانیا، ئەمەش یەکەمین سەردانی پوتنە بۆ ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا لە هەرێمی دۆنباس.

سەردانەکەی پوتن دوای ئەوە دێت ڕۆژی شەممە لە گەشتێکی ڕانەگەیەندراودا سەردانی کرایمیای کرد، ئەوەش بە بۆنەی ساڵیادی نۆ ساڵەی لکاندنی کرایمیای ئۆکرانیاوە بە ڕووسیاوە، هەروەها دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پوتن دەرکرد.

پوتن تاوەکو ئێستا بە ئاشکرا لێدوانی لەسەر فەرمانەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نەداوە، بەڵام هەندێک لە چاودێران پێیان وایە ئەم گەشتەی بۆ ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا سەرپێچیکردنی فەرمانەکەیە.

لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوودا دوای یەکێک لە شەڕە سەخت و دوورودرێژەکانی داگیرکارییەکەی ڕووسیا، ماریوپۆڵ لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵ کرا، ئەوەش دوای ئەوە بوو ڕووسیا شکستی هێنا لە گرتنی کیێڤدا و لە جیاتی ئەوە سەنگی خستە سەر باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

ڕێکخراوی هاریکاری و ئاسایشی ئەوروپا گوتی بۆردومانەکانی ئەو کاتەی ڕووسیا بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی منداڵبوون لە ماریوپۆڵ تاوانی جەنگ بووە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا لە زاری کرێملنەوە بڵاوییان کردەوە پوتن بە هێلیکۆپتەر چووە بۆ ماریوپۆڵ و گەشتەکەی " گەشتێکی کار " بووە. سەردانی چەند ناوچەیەکی شارەکەی کردووە و لە هەندێک شوێندا وەستاوە و قسەی لەگەڵ دانیشتواندا کردووە.

ڕۆژی هەینی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پوتن دەرکرد، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و گواستنەوەی نایاسایی سەدان منداڵ لە ئۆکرانیاوە بۆ ڕووسیا تۆمەتباری کرد.

دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ڕووسیا بڵاویکردەوە پوتن لە ناوچەی نێڤسکی ماریوپۆڵ سەردانی خێزانێکی کردووە لە ماڵەکەی خۆیاندا. گەڕەکەکە نوێیە و لەلایەن سوپای ڕووسیاوە دروست کراوە و سەرەتا لە کۆتایی مانگی نۆدا دانیشتوانی بۆ هاتووە.

پێش جەنگەکە نزیکەی یەک ملیۆن هاووڵاتی لە ماریوپۆڵدا دەژیان و وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵی تێدا بوو کە یەکێک بوو لە گەورەترین وێستگەکان لە ئەوروپادا.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا ئاماژەیان بەوەدا پوتن لەگەڵ فەرماندە باڵا سەربازییەکانیدا لە ئۆکرانیا کۆبۆتەوە، لەوانەش سەرۆک ئەرکانی سوپای ڕووسیا ڤالێری گیراسیمۆڤ، کە بەرپرسە لە جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG