Accessibility links

پوتن خولی پێنجەمی سەرۆکایەتییەکەی دەستپێدەکات


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ڕۆژی سێشەممە لە مەراسیمێکی ڕازاوەی سوێندخواردندا لە کرێملن خولی پێنجەمی سەرۆکایەتییەکەی دەستپێکرد، بەمەش بۆ ماوەی شەش ساڵی دیکە وەکو سەرۆکی ڕووسیا دەمێنێتەوە، دەستپێکردنی سەرۆکایەتییەکەی ئەمجارە دوای ئەوە دێت کە ڕکابەرە سیاسییەکانی لە ناوبرد و جەنگێکی ڕووخێنەری لە ئۆکرانیا دەستپێکرد و سەرجەم دەسەڵاتەکانی خستووەتە ژێر دەستی خۆیەوە.

پوتن لە دوای جۆزێپ ستالینەوە بۆ درێژترین ماوە سەرۆکایەتی ڕووسیای کردووە، خولە نوێیەکەشی تاوەکو ساڵی 2030 بەسەرناچێت و دوای ئەوەش دەتوانێت جارێکی دیکە خۆی هەڵبژێرێتەوە.

لە مەراسیمێکدا لە کۆشکی مەزنی کرێملن، پوتن دەستی خستەسەر دەستووری ڕووسیا و بەڵێنیدا بەرگری لێبکات.

دوای ئەوەی لە ساڵی 1999 دا شوێن بۆریس یەڵتسینی گرتەوە وەکو سەرۆکی ڕووسیا، پوتن ڕووسیای لە وڵاتێکەوە کە ئابوورییەکەی لە ڕووخاندابوو گۆڕی بۆ وڵاتێک کە ئێستا هەڕەشە لە ئاسایشی جیهان دەکات. دوابەدوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی لە ساڵی 2022 دا لە ئۆکرانیا کە بووە گەورەترین ململانێ لە ئەوروپادا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن ڕۆژئاواوە سزای بەسەردا سەپێندراوە و پەنای بردووەتەبەر ڕژێمەکانی دیکەی وەکو چین و ئێران و کۆریای باکوور بۆ پشتیوانی.

پرسیارەکە ئێستا ئەوەیە کە ئایا پوتن لە ماوەی شەش ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتییەکەیدا چی دەکات، لە ناوخۆ و دەرەوەشدا.

هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لە پێشڕەویدان، لە کاتێکدا کە کیێڤ ڕووبەڕووی کەمی بووەتەوە لە سەرباز و تەقەمەنیشدا. هەردوولا قوربانی زۆرییان لێکەوتووەتەوە.

ئۆکرانیا لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشە موشەکییەکانییەوە شەڕەکەی بردە ناو خاکی ڕووسیاوە، بە تایبەتی لەو هەرێمانەی ڕووسیا کە سنوورییان بە ئۆکرانیاوە هەیە. پوتن لە وتارێکیدا لە مانگی دوودا بەڵێنیدا ئامانجەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بە دەستبهێنێت، بەڵێنیشیدا هەرچی پێویست بێت بیکات بۆ " بەرگریکردن لە سەروەریی و ئاسایشی دانیشتوانمان."

بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی لە مانگی سێدا وەکو سەرۆکی ڕووسیا هەڵبژێردرایەوە، پوتن وتی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ناتۆ و ڕووسیا ڕێی تێدەچێت، هەروەها ڕایگەیاند دەیەوێت ناوچەیەکی دابڕێندراو لە شەڕ لە ئۆکرانیادا دروست بکات تاوەکو وڵاتەکەی لە هێرشەکانی ئۆکرانیا لەودیوی سنوورەکەوە بپارێزێت.

لە ناوخۆی ڕووسیاشدا، ناوبانگی پوتن لە نزیکەوە بەستراوە بە باشکردنی ژیان و گوزەرانی ڕووسیاییە ئاساییەکانەوە.

پوتن لە ساڵی 2018 دا کاتێک بۆ چوارەمین جار وەکو سەرۆکی ڕووسیا دەستبەکاربوو، بەڵێنیدا ڕووسیا بخاتە نێو لیستی یەکەمین پێنج ئابوورییەکەی جیهانەوە، بەڵێنیدا ئابوورییەکەی " نوێ و داینامیک بێت." بەڵام لە بری ئەوە ئابوورییەکەی ڕووسیا تەرخانکرا بۆ جەنگێک و بەرپرسانیش دەڵێن ڕووسیا پارەیەکی پێوانەیی لە بەرگریدا خەرج دەکات.

شرۆڤەکاران دەڵێن ئێستا کە پوتن شەش ساڵی دیکە سەرۆک دەبێت، حکومەت دەکرێت کۆمەڵە هەنگاوێک بگرێتەبەر کە هاووڵاتییان حەزییان پێناکەن، لەوانەش زیادکردنی باج لەسەر هاووڵاتییان تاوەکو پارەی جەنگەکەی تەرخان بکات و فشار بخاتە سەر پیاوان تاوەکو پەیوەندی بکەن بە سوپاوە.

لە دەستپێکی خولە نوێیەکەی پوتندا، حکومەتی ڕووسیا بە شێوەیەکی ڕۆتینی هەڵوەشێندرایەوە بۆ ئەوەی پوتن بتوانێت سەرۆک وەزیرێکی نوێ و کابینەیەکی نوێ دەستنیشان بکات.

یەکێک لەو دامەزراوانەی کە دەبێت چاودێری بکرێت وەزارەتی بەرگرییە.

ساڵی ڕابردوو وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ ڕووبەڕووی فشار بووەوە لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی جەنگەکە، لە کاتێکدا کە سەرۆکی ئەو کاتەی گروپی ڤاگنەری بەکرێگیراویی سەربازیی یەڤیگنی پریگۆژین ڕەخنەی توندی ئاڕاستە دەکرد لەسەر کەمی تەقەمەنی بۆ سەربازەکانی کە لە ئۆکرانیادا شەڕییان دەکرد. ڕاپەڕینە کورتەکەی پریگۆژین لە مانگی شەشدا دژی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گەورەترین مەترسی بوو لەسەر دەسەڵاتەکەی پوتن.

دوو مانگ دوای ئەوە پریگۆژین لە ڕووداوێکی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیدا کوژرا، شوێگۆ وادەرکەوت کە ڕزگاری بووە. بەڵام مانگی ڕابردوو جێگری وەزیری بەرگری ڕووسیا تیمور ئیڤانۆڤ بە تۆمەتی بەرتیل دەستبەسەرکرا، ئەوەش لە نێوەندی ڕاپۆرتەکاندا سەبارەت بە گەندەڵییەکی بەرچاو لە وەزارەتەکەدا.

هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ڕەنگە شوێگۆ ببێتە قوربانی لە دەستنیشانکردنەوەی حکومەتێکی نوێدا، بەڵام ئەوە جووڵەیەکی بوێرانە دەبێت لە کاتێکدا کە جەنگەکە هێشتا لە ئۆکرانیا بەردەوامە.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، بەرپرسانی ڕووسیا بە شێوەیەک ئەو کەسانەیان سەرکوت کردووە کە ناڕەزایی دەردەبڕن کە لە کاتی سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتەوە نەبیندراوە. هیچ ئاماژەیەکیش نیە کە ئەم سەرکوتکارییە لە ماوەی خولە نوێیەکەی پوتندا کەم ببێتەوە.

ڕکابەری سەرەکی پوتن، ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا ئالێکسی ناڤاڵنی لە مانگی دوودا لە زیندانێکی ڕووسیادا گیانی لە دەستدا. ڕەخنەگرە دیارەکانی دیکەش زیندانیکراون یاخود لە وڵاتەکە هەڵاتوون، تەنانەت هەندێک لە ڕکابەرەکانی پوتن لە دەرەوەی ڕووسیاش لە پارێزراویی خۆیان دەترسن.

یاسای نوێ داندراون کە سزای زیندانیکردن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەسەپێنن بەسەر هەر کەسێکدا کە گلەیی لە سوپا بکات. کرێملن میدیا سەربەخۆکان و گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکەوانی هاوڕەگەزخوازان و هەموو ئەوانە دەکاتە ئامانج کە هاوڕا نین لەگەڵ ئەوەدا کە پوتن بە " بەهای نەریتی ڕووسیا " ناوییان دەبات.

XS
SM
MD
LG