Accessibility links

پوتن لە یادی ڕۆژی سەرکەوتندا لە گۆڕەپانی سووری مۆسکۆ وتارێک پێشکەش دەکات


 سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە یادی 77 ساڵەی ڕۆژی سەرکەوتندا بەسەر نازییەکانی ئەڵمانیادا لە جەنگی جیهانی دووەمدا، لە گۆڕەپانی سووری مۆسکۆ وتارێکی پێشکەش کرد.

پوتن لەمیانەی وتارەکەیدا باسی لە یادەوەری پاڵەوانێتی سۆڤیەتی کرد لە جەنگی جیهانی دووەمدا تاوەکو هانی سوپاکەی بدات لە ئۆکرانیا سەربکەون، بەڵام دانیشی نا بە زیانە گیانییەکانی هێزەکانی ڕووسیادا و بەڵێنیشیدا یارمەتی خێزانی سەربازە کوژراوەکان بدات.

پوتن سەرکۆنەی " هەڕەشە دەرەکییەکانی " کرد بۆ لاوازکردن و دابەشکردنی ڕووسیا، وتیشی هاوپەیمانێتی ناتۆ هەڕەشەی لەسەر سنوورەکانی دروست کردووە.

هەروەها ڕاستەوخۆ پەیامێکی ئاڕاستەی سەربازەکانی کرد لە هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە ڕووسیا بەڵێنیداوە " ئازادی " بکات و لەژێر کۆنتڕۆڵی کیێڤدا دەریبکات.

پوتن وتی " ئێوە شەڕ بۆ نیشتیمانی دایک دەکەن، شەڕ بۆ داهاتوو دەکەن، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک وانەکانی جەنگی جیهانی دووەمی لەبیرنەچێتەوە. بۆ ئەوەی لە جیهاندا هیچ شوێنێک نەبێت بۆ سزادەران و نازییەکان و بکوژەکان."

هەروەها وتی " مردنی هەر یەکێک لە سەرباز و ئەفسەرەکانمان خەمی هاوبەشی هەموومانە و لەدەستدانێکە بۆ هاوڕێ و خزمانیان کە چاکبوونەوە لێی مەحاڵە."

سەبارەت بە گرەنتییە ئاسایشییەکانیش پوتن وتی " سەرەڕای ناکۆکییەکانمان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، ڕووسیا هەمیشە باسی لە سیستمێکی ئاسایشی یەکسان و دابەش نەبوو کردووە، سیستمێک کە بۆ سەرانسەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگ بێت."

وتیشی " لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا پێشنیاری ڕێکەوتنێکمان کرد لەسەر گرەنتییە ئاسایشییەکان. ڕووسیا داوای لە ڕۆژئاوا کرد بێتە ناو گفتوگۆیەکی ڕاستگۆیانەوە، لە هەوڵێکدا بۆ گەڕان بەدوای چارەسەرەکاندا، تاوەکو حساب بۆ بەرژەوەندییەکانی یەکتر بکەین. بەڵام هەموو ئەمانە بێسوود بوون."


وتی " وڵاتانی ناتۆ نەیانویست گوێمان لێبگرن، لەڕاستیدا پلانی جیاوازییان هەبوو، بینیشمان."

" لە کیێڤ باسیان لە ئەگەری وەرگرتنی چەکی ناوەکی دەکرد، ناتۆ چالاکانە لەڕووی سەربازییەوە هاتە ئەو ناوچانەوە کە نزیکن لە ئێمەوە، ئەوەش بەدڵنیاییەوە هەڕەشەیەکی ڕێکخراوە کە ڕاستەوخۆ لەسەر سنوورەکانمانە و جێی قبوڵکردن نیە."

وتی " بینیمان ژێرخانی ئابووری بەهێز دەکرا، سەدان ڕاوێژکاری سەربازیی کارییان دەکرد و چەکی نوێ لە ناتۆوە ڕەوانە دەکرا. ڕۆژانە ئاستی مەترسییەکان زیادی دەکرد. ڕووسیا سەرکوتکارەکەی وەستاند، پێویست بوو و لە کاتی خۆیدا بوو."

پوتن لە وتارە 11 خولەکەکەیدا لە ڕۆژی حەفتاو پێنجەمینی داگیرکارییەکەیدا لە ئۆکرانیا باسی لە کۆمەڵێک بابەتی دیار نەکرد، لەوانەش ناوی ئۆکرانیای نەهێنا، هیچ باسێکی لە پێشهاتەکانی جەنگەکە نەکرد و ئاماژەی بەوە نەدا تاوەکو کەی ئەم جەنگە بەردەوام دەبێت. هەروەها باسی لەو شەڕە خوێناوییە نەکرد کە بۆ ماریوپۆڵ دەکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG