Accessibility links

پوتن دەڵێت ڕوسیا نایەوێت یەکێتی ئەوروپا دابەش بکات


سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن جەختی لەوە کردەوە نایەوێت یەکێتی ئەوروپا دابەش بکات، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پوتن خۆی ئامادە دەکات سەردانی نەمسا بکات لە یەکەمین گەشتیدا بۆ وڵاتێک لە ڕۆژئاوای ئەوروپا لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا.

پوتن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕادیۆی نەمسا ئۆ ئاڕ ئێفدا وتی " ئێمە هەوڵی ئامانجی دابەشکردنی هیچ شتێک یاخوود کەسێک لە یەکێتی ئەوروپا نادەین."

وتیشی " ئێمە زیاتر گرنگی بە یەکگرتوویی یەکێتی ئەوروپا و پێشکەوتنی دەدەین چونکە گرنگترین هاوبەشی بازرگانی و دارایین بۆ ئێمە."

پوتن کە لە ساڵی ڕابردووەوە سەردانی هیچ وڵاتێکی ڕۆژئاوای ئەوروپای نەکردووە، چاوی بە حکومەت و ڕابەرانی کاری نەمسا دەکەوێت لە گەشتێکدا بە بۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر واژۆکردنی گرێبەستێک لە نێوان هەردوو کۆمپانیای وزەی ڕۆسیتین گازپرۆم و ئۆ ئێم ڤیەوە کە یەکەمین گرێبەستە بۆ پێدانی گاز بەو وڵاتەدا.

هەروەها ئامادەی کۆنگرەیەکی کار دەبێت لەگەڵ نوێنەرانی هەردوو وڵاتدا.

جێی ئاماژەیە هێشتا گرژیی هەیە لەنێوان پەیوەندییەکانی ڕوسیا و یەکێتی ئەوروپادا بەهۆی ئەوەوە کە ڕوسیا دوورگەی قەرمی ئۆکرانیای داگیرکرد و هەروەها بەهی=ۆی بەشداریکردنییەوە لە شەڕی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا و ژەهراویکردنی سیخوڕەکەی پێشووی ڕوسیا لە بەڕیتانیا. لەندەن بەرپرسیارێتی ژەهراویکردنی سێرگەی سکریپاڵ و کچەکەی دەخاتە پاڵ ڕوسیا، مۆسکۆش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

مۆسکۆ دەیەوێت یەکێتی ئەوروپا سزاکان لەسەر ڕوسیا لاببات، بەڵام یەکێتییەکە ئەوە ناکات. نەمساش کە لە مانگی حەوتدا سەرکردایەتی یەکێتی ئەوروپا دەکات دەڵێت دەیەوێت ببێتە پردێک لەنێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG