سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەڵێت لە جەنگی ئەتۆمیدا هیچ کەس ناتوانێت براوە بێت و هیچ کەسێک نابێت ئەو جۆرە جەنگە دەستپێبکات.
پوتن لە نامەیەکدا بۆ بەشداربووانی لە کۆنفرانسی پەیماننامەی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی ئەم لێدوانەیدا.
پوتن گوتی " لەگەڵ ئەو ڕاستییەداین کە لە جەنگی ئەتۆمیدا هیچ کەس ناتوانێت براوە بێت و نابێت هەڵبگیرسێت، هەروەها پشتیوانی لە ئاسایشێکی یەکسان و دابەش نەبوو دەکەین بۆ سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگەی جیهان."
لێدوانەکانی پوتن بۆ کۆڕبەندەکەی پەیماننامەی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی وادەردەکەوت ئامانج لێی گەیاندنی پەیامێک بێت لەسەر ئەوەی ڕووسیای خاوەن چەکی ئەتۆم وڵاتێکی بەرپرسیارە لەو ڕووەوە.
لێدوانەکانی پوتن لەگەڵ بەیاننامەکانی پێشووی خۆی و بەرپرسانی ڕووسیادا یەک ناگرنەوە کە ڕۆژئاوا دەڵێت لێدوانەکانیان هەڕەشەیەکی ڕوونی ئەتۆمین.
لە 24 ی مانگی دوودا و لەو ڕۆژەدا کە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد، پوتن ئاماژەی بە جبەخانەی ئەتۆمی ڕووسیادا و هۆشداریدایە وڵاتانی دەرەوە لەسەر ئەوەی هەر هەوڵێک بۆ دستوەردان " دەبێتە هۆی دەرەنجامێک کە هیچ کات لە مێژوودا ڕووبەڕووی نەبوونەتەوە."
چەند ڕۆژێک دوای ئەو لێدوانەی، پوتن فەرمانی بە هێزەکانی چەکی ئەتۆمی وڵاتەکە کرد لە ئامادەباشیدا بن.
لە مانگی چواردا بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیام بێرنس گوتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شکستانەی کە ڕووسیا لە ئۆکرانیا خواردوونی، " هیچ کامێکمان ناتوانین مەترسی ئەگەری پەنابردنە بەر چەکی ئەتۆمی تاکتیکی بە سادەیی وەربگرین."
سوپای ڕووسیا پەیڕەوی ڕێبازێک دەکات کە ئەگەر لە حاڵەتێکدا هەڕەشەیەک هەبێت لەسەر بوونی دەوڵەتی ڕووسیا ئەوا دەتوانێت چەکی ناوەکی بەکاربهێنێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز