Accessibility links

پوتن: پارچەی نارنجۆک لە لاشەی مردووەکانی ناو فڕۆکەکەی پریگۆژیندا دۆزراوەتەوە


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ڕۆژی پێنجشەممە ئاماژەی بەوەدا کەوتنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیەی کە سەرۆکی ڤاگنەر یەڤیگنی پریگۆژینی پێبوو "هێرشێکی دەرەکی " نەبووە، بەڵکو نارنجۆک بووە لە ناو فڕۆکەکەدا.

لە ماوەی کۆڕبەندی ڤالدایدا لە سوچی، پوتن وتی "سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەکان چەند ڕۆژێکی کەم لەمەوبەر ئاماژەی بەوەدا پارچەی نارنجۆک لە لاشەی قوربانییەکاندا دۆزراوەتەوە. هیچ کاریگەرییەکی دەرەکی نەبووە لەسەر فڕۆکەکە، ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە."

پریگۆژین ماوەیەکی کەم پێش کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی و گیان لە دەستدانی، هەوڵی کودەتایەکیدا دژی سەرکردە سەربازییە باڵاکانی ڕووسیا، بەڵام شکستی هێنا. لە مانگی هەشتدا فڕۆکەکەی لە باکووری ڕۆژئاوای مۆسکۆ کەوتە خوارەوە و 10 کەسی دیکەی لەگەڵدا بوو.

حکومەتی ڕووسیا ڕەتی کردووەتەوە دەستی هەبووبێت لە مردنەکەی پریگۆژیندا، پوتنیش وردەکاری زیاتری نەدا لەسەر ئەوەی چۆن ئەو نارنجۆکانە لە فڕۆکەکەدا تەقیونەتەوە، بەڵام وتی پێی وابووە دەبووایە لێکۆڵەرەوەکان پشکنینی دەرمانی هۆشبەر یاخود کحولییان بۆ لاشەی قوربانییەکان بکردایە.

پوتن وتی " دووبارەی دەکەمەوە، دەبووایە ئەو جۆرە پشکنینانە ئەنجام بدرانایە، بەڵام نەکرا. پێشتر هێزەکانی ئاسایشی ڕووسیا 10 ملیار دۆلار بە کاش و 5 کیلۆ ماددەی هۆشبەری کۆکایینیان لە ئۆفیسی ڤاگنەر لە سەینت پیتەرسبێرگ دۆزیوەتەوە."

ئاماژەشی بەوەدا سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەکان پێی وتووە ئاساییە " ئەم زانیارییانە بە ئاشکرا بڵاوبکەینەوە چونکە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرن."

XS
SM
MD
LG