Accessibility links

پوتن دەڵێت دۆخەکەی شارۆچکەی بوچای ئۆکرانیا " ساختەیە "


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتی وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەو تەرمانەی کە لە سەرانسەری شارۆچکەی بوچادا دۆزرانەوە ساختە بوون.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکا، پوتن تۆمەتەکانی ئۆکرانیای سەبارەت بەوەی هێزەکانی ڕووسیا هاوڵاتیانی مەدەنییان لە بوچا کوشتووە بەراورد کرد بەوەی وەکو خۆی دەڵێت ڕۆژئاوا هێرشی کیمیایی لە سوریا ساختە دەکات تاوەکو بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات لاببات.

وتی " هەمان جۆری ساختەکارییە لە بوچا."

ئۆکرانیا سوپای ڕووسیای بە تۆمەتی کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە شارۆچکەی بوچا تۆمەتبار کردووە، هێزەکانی ڕووسیا چەند هەفتەیەک شارۆچکەکەیان لەژێر دەستدا بوو، بەڵام دواتر کشانەوە. وڵاتانی ڕۆژئاوا داوا دەکەن ئەوانەی بەرپرس بوون لە کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی سزا بدرێن.

بەرپرسانی ڕووسیا ئۆکرانیایان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی گوایە دیمەنێکی ترسناک و تۆقێنەرییان ساختە کردووە تاوەکو لە گفتوگۆکانی ئاشتی لابدەن و ڕۆژئاوا ناچار بکەن سزای دیکە بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت.

لە 24ی مانگی دوودا ڕووسیا دەیان هەزاران سەربازی ڕەوانەی ناو ئۆکرانیا کرد و بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات، وەکو خۆیان دەڵێن ئامانج لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG