Accessibility links

پوتن دەیەوێت ئەو وڵاتانی دژ بە ڕووسیان پارەی گازەکەی بە ڕوبڵ بدەن


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتی ڕووسیا هەوڵی ئەوە دەدات ئەو " وڵاتانەی هاوڕێی ڕووسیا " نین بەشێوەیەکی جیاواز پارەی ئەو گازە بدەن کە لە ڕووسیای دەکڕن، ئەمەش نرخی گازی لە ئەوروپا زیادکرد و نیگەرانی دروست کردووە لەسەر خراپتربوونی قەیرانی وزەی ناوچەکە.

وڵاتانی ئەوروپا پشتیان بە گازی ڕووسیا بەستووە بۆ کارەبا و گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان، ئابووری وڵاتانی ئەوروپا لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی مۆسکۆوە لە ئۆکرانیا قسەی لەسەر دەکرێت. وڵاتانی ڕۆژئاوا کۆمەڵێک سزایان بەسەر ئابووری ڕووسیادا سەپاندووە.

لەکاتێکدا کە ئابووری ڕووسیا لە ڕەوشێکی خراپدایە و یەکێتی ئەوروپاش دابەش بوون لەوەدا کە سزا بەسەر کەرتی وزەی ڕووسیادا بسەپێنن، پوتن بە پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا وەڵامیداوە و وتی " ئەگەر گازەکەی ئێمەتان دەوێت، ئەوا دراوەکەمان بکڕن."

پوتن لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیرانی باڵای حکومەتی ڕووسیادا وتی " بێگومان ڕووسیا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی گازی سروشتی بەپێی قەبارە و نرخەکانی ئەو گرێبەستانەی کە پێشتر واژۆکراون."

وتی " ئەو گۆڕانکارییانەی دەکرێن تەنها کاریگەرییان لەسەر ئەو دراوە دەبێت کە پارەکەی پێدەدەن، دراوەکە دەگۆڕدرێت بۆ ڕوبڵی ڕووسی."


نزیکەی لە سەدا 40 ی گازی ئەوروپا ڕووسیا دابینی دەکات، تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا ڕۆژانە هەناردەکردنی گازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا لە نێوان 200 ملیۆن بۆ 800 ملیۆن یۆرۆدا بووە. ئەگەری گۆڕینی ئەو دراوەی کە پارەکەی پێدەدەن بووە هۆی ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە نرخی گاز لە سەدا 30 زیادبکات.

دوابەدوای ڕاگەیاندنەکەی پوتن نرخی دراوی ڕوبڵی ڕووسی بۆ ماوەیەکی کورت 95 ڕوبڵی بەرامبەر دۆلار تێپەڕاند. لە 24 ی مانگی دووەوە نرخی ڕوبڵی ڕووسی بەرامبەر دۆلار لەسەدا 20 دابەزیوە.

پوتن وتی حکومەت و بانکی ناوەندی ڕووسیا یەک هەفتەیان لەبەردەستدایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک لەسەر ئەوەی چۆن ئەم ئەرکانە بگوازنەوە بۆ دراوی ڕووسی و فەرمانیش بە کۆمپانیای گازپڕۆم دەکرێت گرێبەستەکانی گاز بگۆڕێت.

گازپڕۆم دەڵێت تاوەکو 27 ی مانگی یەک لەسەدا 58 ی فرۆشییەکانی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا و وڵاتانی دیکە بە یۆرۆ بووە. لە سەدا 39 ی فرۆشییەکان بە دۆلاری ئەمەریکی بووە، لە سەدا 3 بە ستێرلینگ بووە.

کۆمسیۆنی ئەوروپا ئاماژەی بەوەداوە پلانی ئەوەی هەیە لە کۆتایی ئەمساڵەوە دوو لەسەر سێی ئەو گازەی لە ڕووسیاوە بۆی دێت ببڕێت و تاوەکو پێش ساڵی 2030 پشت بەستنی یەکێتی ئەوروپا بە گازی ڕووسی نەهێڵێت.

بەڵام بەپێچەوانەی ئەمەریکا و بەڕیتانیاوە، تاوەکو ئێستا یەکێتی ئەوروپا ڕێنەکەوتوون لەسەر سزادانی کەرتی وزەی ڕووسیا.

وەزیری ئابووری ئەڵمانیا ڕۆبەرت هابێک وتی لەگەڵ هاوبەشەکانی ئەوروپادا تاوتوێی وەڵامدانەوەی مۆسکۆ دەکەن لەسەر گۆڕینی دراوی پارەدانەکە.

هابێک وتی داواکارییەکەی پوتن پێشێلکردنی گرێبەستەکانە.

کۆمپانیای ئێنیکۆی ئەڵمانی کە لە سەدا 15ی گازەکەی لە گازپڕۆمی ڕووسیا دەکڕێت، وتی گرێبەستێکی درێژخایەنیان لەگەڵ گازپڕۆمدا هەیە و لە گرێبەستەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە پارەکەی بە یۆرۆ دەدرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG