Accessibility links

پـوتن بۆ شەش ساڵی دیکە حوکمڕانی ڕووسیا دەکاتەوە


ڤلادیمیر پـوتن سەرکەوتنێکی گەورەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیا بەدەستهێنا و بەمەش بۆ جاری چوارەم پـۆستی سەرۆکایەتی دەگرێتەوەدەست و بۆ شەش ساڵی دیکە حوکمڕانی ڕووسیا دەکاتەوە.

بەپـێی ئەنجامە بەرایـیەکانی هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی یەکشەممە، پـوتنی تەمەن 65 ساڵ کە 18 ساڵە حوکمڕانی ڕووسیا دەکات 76.67% ی دەنگەکانی بردووەتەوە و هەتا ساڵی 2024 بە سەرۆکی ئەو وڵاتە دەمێنێتەوە، ئەگەر هیچ گۆڕانکاریـیەک ڕوو نەدات.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە پـوتن تەنیا لە ڕێبەرانی وڵاتانی هاوپەیمانی پـیرۆزبایی بەدەست گەیشتووە، لەوانە شی جین پینگ سەرۆکی چین، ڕائول کاسترۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا، ئیڤۆ مۆرالس سەرۆکی پۆلیڤیا، حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران.

هێشتا ڕێبەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا پـیرۆزبایـیان لێ نەکردووە، ئەمەش پـێدەچێت بەهۆی زیادبوونی گرژیـیەکانی نێوان ئەو وڵاتانە و ڕووسیا بێت، بەهۆی کۆمەڵێک ناکۆکی، لەوانە هەوڵی کوشتنی سیخوڕی ڕووسیایی لە بەرتیانیا کە ڕۆژئاوا مۆسکۆ لەم هەوڵە تاوانباردەکات.

جێی ئاماژەیە 7 کاندیدی دیکە لە هەڵبژاردنەکاندا هەبوون بەڵام وەک چاودێران دەڵێن لەو ئاستەدا نەبوون بتوانن ڕکابەری پـوتن بکەن. یەک ڕکابەری ڕژد هەبوو، ئەویش ئەلێکسی ناڤالنی بوو کە ڕەخنەگرێکی سەرەکی پـوتنە، بەڵام بە بەهانەی هۆکاری یاسایی ڕێگەی پـێنەدرا خۆی کاندید بکات.

XS
SM
MD
LG