Accessibility links

پوتن: ئەمەریکا دەکەینە ئامانج ئەگەر موشەک لە ئەوروپا بڵاوبکاتەوە


سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن وتی وڵاتەکەی وەڵامی هەر بڵاوکردنەوەیەکی چەکی ناوەکیی مەودا ناوەند و بچووک دەداتەوە لە ئەوروپا لەلایەن ئەمەریکاوە نەک تەنها بە ئامانجکردنی ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە چەکەکەی تێدا بڵاودەکرێتەوە بەڵکو بە ئامانجکردنی ئەمەریکا خۆشی.

لە توندترین لێدوانیدا سەبارەت بە کێبڕکێکی خۆپڕچەککردن پوتن وتی ڕوسیا هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوە نادات و دەستپێشخەریش ناکات لە بڵاوکردنەوەی موشەک، ئەمەش وەکو وەڵامدانەوەیەکی واشنتن کە بڕیاریدا لە پەیماننامەی هێزی ناوەکی بکشێتەوە کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی سارد.

وتیشی وەڵامدانەوەی ڕوسیا لەسەر بڵاوکردنەوەی هەر موشەکێک توند دەبێت و وتیشی پێویستە لەسەر ئەمەریکا پێش ئەوەی هیچ هەنگاوێک بنێن بیری لێبکەنەوە.

پوتن وتی " مافی خۆیانە چۆن بیر دەکەنەوە. بەڵام ئایا بیر لەوە دەکەنەوە کە دەیکەن؟ من دڵنیام لەوەی کە دەتوانن بیر بکەنەوە. با بیر لە خێرایی و مەودای ئەو سیستمە موشەکییانە بکەنەوە کە پەرەی پێدەدەین."

وتیشی " ڕوسیا ناچار دەبێت جۆری جیاواز لە چەک دروستبکات و بڵاویبکاتەوە کە بتوانرێت بەکار بهێنرێن نەک تەنها لەو شوێنانەی کە چەکەکە بڵاودەکرێتەوە بەڵکو لەو شوێنانەش کە بڕیارەکەی لێوەدەدرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG