Accessibility links

پوتن لە وتارێکدا دەڵێت ڕووسیا لە ئۆکرانیا سەردەکەوێت


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی لە یاریگایەکدا هەوڵیدا بیانوویەک بهێنێتەوە بۆ داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا، دەیان هەزاران کەس بە ئاڵای ڕووسیاوە لە یاریگاکەدا ئامادە بوون و پوتن بەڵێنیدا سەرجەم ئامانجەکانی کرێملن بەدەست بهێنن.

پوتن لە وتارەکەیدا لە یاریگای لوژنیکی لە مۆسکۆ وتی " دەزانین پێویستە چی بکەین و چۆن بیکەین و نرخەکەشی چی دەبێت. بەدڵنیاییەوە سەرجەم پلانەکانمان جێبەجێ دەکەین."

وتی سەربازانی ڕووسیا کە لە ئۆکرانیا شەڕ دەکەن یەکگرتوویی ڕووسیایان پیشانداوە.

وتی " سەربازەکان شان بە شانی یەکتر یارمەتی یەکتر دەدەن، پشتیوانی لە یەکتر دەکەن و کاتێکیش پێویست بکات وەکو برا سنگی خۆیان دەکەنە قەڵغان بۆ یەکتری. یەکگرتووییەک کە ماوەیەکی زۆرە نەمانبووە."

لەمیانەی وتارەکەی پوتندا، ڕووماڵی وتارەکە لەلایەن کەناڵی فەڕمی ڕووسیاوە بۆ ماوەیەکی کورت پچڕا، بەڵام دواتر پوتن لەسەر تەلەفیزیۆن دەرکەوتەوە.

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی لە زاری وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤەوە بڵاویکردەوە هۆکاری پچڕانی پەخشی تەلەفیزیۆنەکە کێشەیەکی تەکنیکی بووە.

پوتن دەڵێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە ئۆکرانیا گرنگە چونکە ئەمەریکا ئەو وڵاتەی بەکارهێناوە بۆ هەڕەشەکردن لە ڕووسیا و ڕووسیاش ناچار بووە بەرگری لە مافی ئەو هاوڵاتیانەی ئۆکرانیا بکات کە بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن و ڕووبەڕووی " کۆمەڵکوژی " بوونەتەوە.

ئۆکرانیاش دەڵێت شەڕ بۆ بوونی خۆی دەکات و بانگەشەکانی پوتن لەسەر کۆمەڵکوژی بێ بنەمان. ڕۆژئاواش دەڵێت ئەوەی کە گوایە ڕۆژئاوا بیەوێت ڕووسیا لەت بکات تەنها خەیاڵە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG