Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا داوا لە پوتن دەکات کاتی زیاتر بدات بە گفتوگۆکردن سەبارەت بە قەیرانەکانی ئۆکرانیا


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ داوای لە سەرۆکی وڵاتەکە ڤلادیمێر پوتن کرد بەردەوام بێت لە ڕێگەی دیبلۆماتی لە هەوڵەکانیدا بۆ دەستبەرکردنی ئەو داواکارییە ئەمنیانەی کە ئاڕاستەی وڵاتانی ڕۆژئاوای کردووە، ئەمەش لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکاندا لەسەر ئۆکرانیا.

لاڤرۆڤ بە پوتنی وت ئەمەریکا لە وەڵامی نامەکەیدا پێشنیاری کەمکردنەوەی مەترسییە سەربازییەکانی کردووە، بەڵام وتی وەڵامی یەکێتی ئەوروپا وهاوپەیمانێتی ناتۆ سەبارەت بە داواکارییەکانی ڕووسیا قایلکەر نەبوون.

لە گفتوگۆیەکی تەلەفیزیۆنیدا، پوتن پرسیار لە لاڤرۆڤ دەکات و دەڵێت ئایا دەرفەتێک هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک سەبارەت بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی ڕووسیا یاخود تەنها ڕاکێشراونەتە گفتوگۆیەکی پڕ لە پێچاوپێچەوە.

لە وەڵامدا لاڤرۆڤ وتی " زیاتر لە جارێک هۆشداریمانداوە لەسەر ئەوەی ڕێگە نادەین گفتوگۆی ناکۆتا لەسەر کۆمەڵێک پرسیار بکرێت کە ئەمڕۆ پێویستیان بە چارەسەرە. بەڵام وەکو وەزیری دەرەوە، پێویستە بڵێم کە هەمیشە دەرفەتەکان هەن."

وتیشی " لەم قۆناغەدا پێشنیار دەکەم بەردەوام بین لە گفتوگۆکان."
ئەم لێدوانەی لاڤرۆڤ پێدەچێت کەمکردنەوەی هەڕەشەی نزیکبوونەوەی هێرشی ڕووسیا بێت بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمەریکا هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ڕووسیا لە هەر کاتێکدا بێت هێرش دەکاتە سەر ئۆکرانیا.

ڕووسیاش کە زیاتر لە 100,000 سەربازی لەسەر سنووری ئۆکرانیا جێگیرکردووە، ڕەتی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت.
لاڤرۆڤ وتی نامەیەکی سەبارەت بە داواکارییە ئەمنییەکانی ڕووسیا ڕەوانەی هاوپەیمانێتی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا کردووە، بەڵام وەڵامەکانیان " قایلکەر نەبوون."

وتی " کۆمەڵێک وەڵامم دەستکەوت کە قایلکەر نین، لەبەر ئەوە بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی کاردانەوەیەکی بەرهەست لەو وڵاتانەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG