Accessibility links

پوتن بەڵێن دەدات پشتیوانی لە کۆریای باکور بکات دژی ئەمەریکا


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ڕۆژی سێشەممە بەڵێنیدا پەیوەندییە بازرگانی و ئاسایشییەکانی لەگەڵ کۆریای باکووردا قووڵتر بکاتەوە و پشتیوانی لەو وڵاتە بکات دژی ئەمەریکا، ئەمەش لە کاتێکدا کە بۆ یەکەمین جار لە ماوەی 24 ساڵدا سەردانی کۆریای باکوور دەکات.

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئاسیا هەوڵدەدەن بزانن ڕووسیا چەند دەڕوات لە پشتیوانیکردن لە ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا، کە وڵاتەکەی تەنها وڵاتە لە جیهاندا لە سەدەی 21 دا چەکی ئەتۆمی تاقیکردبێتەوە.

پوتن ستایسی پیۆنگیانگی کرد لەسەر بەرهەڵستیکردنی " فشارە ئابووریی و ڕەشبگیری و هەڕەشەکانی " ئەمەریکا.

لە نوسراوێکدا کە لە دەزگای ڕاگەیاندنی کۆریای باکوور بڵاوکراوەتەوە، پوتن ستایشی " هەڤاڵ " کیم جۆنگ ئون دەکات و بەڵێنیداوە " بە هاوبەشی بەرهەڵستی سزا تاکلایەنە ناڕەواکان " بکەن و پەرە بە بازرگانی بدەن و ئاسایشی سەرانسەری یوراسیا پتەوتر بکەن.

پوتن لە نوسراوەکەدا دەڵێت " واشنتن کە ڕەتی دەکاتەوە ڕێککەوتنەکانی پێشوو جێبەجێ بکات، بەردەوام توندوتیژییەکی نوێ و داوای قبووڵنەکراو دەخاتە پێشەوە."

وتیشی " ڕووسیا هەمیشە پشتگیری لە کۆریای باکوور و گەلی پاڵەوانی کۆریا کردووە لە دژایەتیکردنی دوژمنی فێڵباز و مەترسیدار و دوژمنکار."

پوتن ئاماژەی بەوەداوە کە یەکێتی سۆڤیەت یەکەم بووە لە داننان بە کۆماری گەلانی دیموکراتی کۆریادا کە لەلایەن باوکی کیم، کیم ئیل سونگەوە، دامەزرێندرا، کەمتر لە دوو ساڵ پێش جەنگی کۆریا لە ساڵی 1950 دا.

دەزگای ڕاگەیاندنی کۆریای باکوور کۆمەڵە نوسراوێکیشی بڵاوکردەوە کە تێیاندا ستایشی ڕووسیا دەکەن و پشتیوانی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا دەردەبڕن و جەنگەکە بە " جەنگێکی پیرۆز بۆ سەرجەم دانیشتوانی ڕووسیا " ناودەبەن.

سەردانەکەی پوتن بۆ کۆریای باکوور لە نێوەندی بانگەشەکانی ئەمەریکادا دێت کە دەڵێت کۆریای باکوور " دەیان موشەکی باڵیستیکی و زیاتر لە 11,000 کۆنتێنەر لە تەقەمەنی داوە بە ڕووسیا " تاوەکو لە جەنگەکەدا لە ئۆکرانیا بەکارییان بهێنێت. کۆریای باشووری هاوپەیمانی ئەمەریکاش نیگەرانی هاوشێوەی دەربڕیوە.

ڕۆژی دووشەممە کۆشکی سپی وتی نیگەرانە بە قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " زۆر دڵنیایە " لەوەی کە پوتن هەوڵی دەستکەوتنی چەک دەدات بۆ پشتیوانیکردن لە جەنگەکەی لە ئۆکرانیا.

مۆسکۆ و پیۆنگیانگ ڕەتییان کردووەتەوە گواستنەوەی چەک لە نێوانییاندا هەبووبێت، بەڵام بەڵێنییانداوە پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوانییان زیاتر بکەن، ڕەنگە ئەوە مەشقی سەربازی هاوبەشیش لە خۆبگرێت.

ڕووسیا کە ئەندامی هەمیشەییە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی بەکارهێنانی ڤیتۆی هەیە دژی هەر پڕۆژە بڕیارێک لە ئەنجومەنەکەدا، لە مانگی سێدا مافی ڤیتۆی بەکارهێنا دژی دووبارە نوێکردنەوەی پانێڵی شارەزاکان کە چاودێری جێبەجێکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن دژی کۆریای باکوور، کە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمی و موشەکە باڵیستیکییەکانییەوە بەسەریدا سەپێندراون.

ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی پوتن، یوری یوشاکۆڤ، وتی لە ماوەی سەردانەکەدا ڕەنگە ڕووسیا و کۆریای باکوور ڕێککەوتنێکی هاوبەشیی واژۆ بکەن کە پرسە ئاسایشییەکانیشی تێدا دەبێت.

وتی ڕێککەوتنەکە دژی هیچ وڵاتێک نابێت، بەڵام " بواری زیاتر بۆ هاریکارییەکان دەخاتە ڕوو."

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسیا وتی سەردانەکە بریتی دەبێت لە کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی نێوان پوتن و کیم، هەروەها بەشداریکردن لە کۆنسێرتی گالا و پێشوازیکردن و واژۆکردنی بەڵگەنامەکان و دەرکردنی بەیاننامەیەک بۆ میدیاکان.

وەزیری بەرگری ڕووسیا ئاندرێ بێلۆسۆڤ و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و وەزیرانی سەرچاوە سروشتییەکان و تەندروستی و گواستنەوە و بەرپرسی دەزگای بۆشایی ئاسمانی ڕووسیا و هێڵە ئاسنینەکان و جێگری سەرۆک وەزیری ڕووسیا ئالیکساندەر نۆڤاک بەشێک دەبن لە شاندەکە.

پێش سەردانەکە، وێنەی مانگە دەستکردەکان دەریدەخەن کە وادەردەکەوێت کۆریای باکوور ئامادەکاری کردبێت بۆ ئەگەری نمایشێکی سەربازیی لە ناوەڕاستی پیۆنگیانگ.

بەرپرسی پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا کە ئێستا لە ناوەندی توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکانە، ڤیکتۆر چا، دەڵێت کۆبوونەوەکە لە دوای جەنگی کۆریاوە گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا.

وتی " ئەم پەیوەندییە، کە مێژووییە و بەهۆی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاوە سەریهەڵدایەوە، ئاسایشی ئەوروپا و ئاسیا و ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا دەخاتە مەترسییەوە."

هەروەها داوای لە واشنتن کرد لەگەڵ ئەوروپا و هاوبەشەکانی دیکەدا کار بکات بۆ زیادکردنی فشارە ئابووریی و دیبلۆماتییەکانی سەر کۆریای باکوور، هەروەها گفتوگۆکردن لەگەڵ چیندا، هەروەها دەستپێکردنی کەمپینێکی مافەکانی مرۆڤ و زانیارییەکان بۆ ئەوەی میدیاکانی دەرەوە بچنە کۆریای باکوورەوە.

لە ساڵی 2006 ەوە کۆریای باکوور لە ژێر سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمی و موشەکە باڵیستیکییەکەیەوە، بە تێپەڕبوونی کات ئەو سزایانە توندتر کراونەتەوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دابەش بووە لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆریای باکووردا.

ڕووسیا و چین دەڵێن سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر کۆریای باکووردا یارمەتیدەر نابێت و مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشووریش تەنها پیۆنگیانگ دەوروژێنن. دوو ساڵ لەمەوبەر، ڕووسیا و چین ڤیتۆیان دژی هەوڵێکی ئەمەریکا بەکارهێنا بۆ سەپاندنی سزای زیاتری نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر کۆریای باکووردا، ئەوەش لەسەر ئەوەی کۆریای باکوور دووبارە دەستیکردەوە بە هەڵدانی موشەکە باڵیستیکییەکانی.

واشنتن و هاوپەیمانەکانی لە ئاسیا چین و ڕووسیا تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی پشتئەستوورکردنی کۆریای باکوور لە ڕێی ڕێگریکردن لە سەپاندنی سزای زیاترەوە بەسەر ئەو وڵاتەدا.

دوای سەردانەکەی بۆ کۆریای باکوور، پوتن لە 19-20 ی مانگی شەشدا سەردانی ڤیێتنام دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG