Accessibility links

پوتن: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بەپێی پلانەکان بەڕێوەدەچێت


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

ڕۆژی چوارشەممە گفتوگۆکان لەسەر سازان لەلایەن مۆسکۆ و کیێڤەوە هیوایەکی بەخشی بە سەرکەوتنی گفتوگۆکانی ئاشتی دوای سێ هەفتە لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، بەڵام بۆردومانەکانی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا هیچ کەمبوونەوەیەکیان بەخۆوە نەبینی.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ئێستا گفتوگۆکان " ڕاستەقینەتر بوون "، هاوکات وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ وتی لەسەر ئەو پێشنیارانەی تاوتوێ کراون " نزیک بوونەتەوە لە ڕێکەوتنێک."

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتی مۆسکۆ ئامادەیە تاوتوێی پێگەی بێلایەنیی ئۆکرانیا بکات، بەڵام هێشتا دەیەوێت ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی بەدەستبهێنێت. وتیشی " ئۆپەراسیۆنەکە بەپێی پلانەکان بەڕێوەدەچێت."

وتیشی ڕۆژئاوا ویستوویەتی ململانێیەک لەنێو هاوڵاتیانی مەدەنی ڕووسیادا دروست بکات و داوای لە ڕووسییەکان کرد " ناپاکەکانی نێویان دەربکەنە دەرەوە."

لە 21 ەمین ڕۆژی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا، هێزەکانی ڕووسیا بەردەوام بوون لە بۆردومانکردنی شارە گەمارۆدراوەکانی ئۆکرانیا.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیێڤ وتی هێزەکانی ڕووسیا بە فیشەک 10 کەسیان کوشتووە کە چاوەڕێی وەرگرتنی نانییان کردووە لە چێرنیهیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی کیێڤ. لە گرتە ڤیدیۆیەکی کەناڵێکی سەر بە ئۆکرانیادا کۆمەڵێک لاشە دەردەکەون کە لە تەنیشت بینایەکەوە لەسەر شەقامەکە کەوتوون.

ڕووسیا ڕەتی کردەوە هیچ هێزێکی لەو شارەدا هەبێت و وتی ڕووداوەکە دروستکراوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی زاپۆریژا وتی هێزەکانی ڕووسیا بە قورسی بۆردومانی ئەو هاوڵاتیانەیان کردووە کە ویستوویان لە باشووری شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراو هەڵبێن، پێنج کەسیان برینداربوون. سوپای ئۆکرانیاش وتی منداڵان لەنێو قوربانییەکاندا بوون.

ئەنجومەنی شاری ماریوپۆڵ وتی هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانی سینەمایەکیان کردووە لە شارەکەدا کە هاوڵاتیانی مەدەنی وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە. ژمارەی قوربانییان نەزاندراوە و ڕۆیتەرزیش نەیتوانیوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ زانیارییەکە پشتڕاست بکاتەوە.

ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج.

تیمەکانی فریاکەوتنی خێرای ئۆکرانیا وتیان لە شاری خارکیڤ مارکێتێک بەهۆی بۆردومانەکانەوە سوتا و سێ کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکە برینداربوون. لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە خەریکی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.

هێزەکانی ڕووسیا لە دەروازەی شاری کیێڤی پایتەخت ڕاگیراون، ئەوەش دوای ئەوەی ڕووبەڕووی زیانێکی گەورەی گیانی بوونەوە و تاوەکو ئێستا شکستیان هێناوە لەوەدا کە هیچ شارێکی گەورەی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG