سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەڵێت سوپای ڕووسیا دەبێت فێر ببێت و ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە لە ئۆکرانیا ڕووبەڕووی بۆوە، بەڵێنیشیدا سوپا پێویستی بە هەرچییەک بێت بۆ جەنگەکەی لە ئۆکرانیا دابینی بکات.
پوتن لە وتارێکدا بۆ بەرپرسانی باڵای بەرگری وڵاتەکە وتی لە ڕووی داراییەوە هیچ شتێک بەربەست نیە لەبەردەم حکومەتدا بۆ دابینکردنی کەلوپەل و پێویستییە سەربازییەکان.
وتی " پشتیوانییە داراییەکانمان هیچ سنوورێکی نیە، هەرچی سوپا داوای بکات وڵاتەکە و حکومەت دابینی دەکات."
پوتن بۆ یەکەمین جار دانی بەوەدانا کە کۆکردنەوەی 300,000 سەربازەکە کە لە مانگی نۆدا فەرمانی پێکردبوو بە ئاسانی بەڕێوە نەچووە.
وتی " کۆکردنەوەی بەشێکی سەربازەکان چەند کێشەیەکی دیاریکراوی دەرخست، وەکو هەمووان بە باشی دەزانن، دەبێت بەپەلە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت."
فەرمانی کۆکردنەوە و بانگکردنی خەڵکەکە بۆ خزمەتی سەربازیی و ڕەوانەکردنیان بۆ ئۆکرانیا ڕووبەڕووی ڕەخنە بۆوە، تەنانەت لەلایەن هاوپەیمانانی کرێملنیشەوە ڕەخنەی لێگیرا، بەرپرسانی سەربازیی زۆرێکیان کردبووە سەرباز کە بە تەمەن بوون یاخود گونجاو نەبوون بۆ خزمەتی سەربازیی.
پوتن وتی " داوام لە وەزارەتی بەرگری کردووە سەرنجی داواکانی هاوڵاتیانی مەدەنی بدەن، بە لەبەرچاوگرتنی ڕەخنەکانیشەوە."
وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ لە ڕاپۆرتێکدا بە پوتنی وت هێزەکانی ڕووسیا چالاکانە توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا لە ناودەبەن و ڕۆژئاوای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ " درێژکردنەوەی " جەنگەکە.
پوتن وتی هیچ پەشیمان نیە لە دەستپێکردنی " ئۆپەراسیۆنە سەربازیی تایبەتییەکەی " و وتی ڕووسیا هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبووە جگە لە وەستانەوە دژی لە خۆبایی بوونی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا.
وتیشی هێشتا ئەو ئۆکرانییانەی کە – دەیان هەزاران کەسییان لە جەنگەکەدا کوژراون و ملیۆنانیان ئاوارە بوون – وەکو خەڵکێکی " برایانە " سەیر دەکات.
وتی " ئەوەی ڕوودەدات بێگومان تراجیدیایە، بەڵام ئەنجامی سیاسەتی ئێمە نیە."
وتی " بە پێچەوانەوە ئەوە ئەنجامی سیاسەتی وڵاتانی دیکەیە، وڵاتانی سێیەم، ئەوانەی کە هەمیشە هەوڵییان بۆ ئەمە داوە، هەڵوەشاندنەوەی جیهانی ڕووسیا، تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوون، ناچارییان کردین بگەین بەوەی کە ئێستا تیایداین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
پوتن دەڵێت سوپای ڕووسیا دەبێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە لە ئۆکرانیا ڕووبەڕووی بۆوە
