Accessibility links

پوتن بۆ ئەوروپا: پارەی گازەکە بە ڕوبڵ بدەن یاخود گازەکەتان لێدەبڕین


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن داوا لە کڕیارەکانی گازی ڕووسی دەکات لە ڕۆژی هەینییەوە پارەکەی بە ڕوبڵ بدەن، ئەگەر نا ئەوا گازەکەیان لێدەبڕن. ئەمەش لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە ڕەت کراوەتەوە.

داواکەی پوتن ئەوروپا دەخاتە بەردەم ئەگەری لەدەستدانی زیاتر لە سێیەکی گازەکەی کە لە ڕووسیاوە بۆی دێت. ئەڵمانیا کە لە هەموو وڵاتەکانی دیکەی ئەوروپا زیاتر پشتی بە گازی ڕووسی بەستووە، پێشتر پلانێکی بەپەلەی چالاک کردووە کە ڕەنگە ببێتە هۆی بەشکردنی گازەکە لە وڵاتەکەدا.

هەناردەکردنی وزە بەهێزترین کارتی فشاری پوتنە لەکاتێکدا هەوڵدەدات وەڵامی ئەو سزا توندە ئابوورییانە بداتەوە کە لەلایەن ڕۆژئاواوە سەپێندراون بەسەر بانک و کۆمپانیا و کار و لایەنە پەیوەندییدارەکانی کرێملنی ڕووسیادا.

پوتن وتی لە 1 ی مانگی چوارەوە کڕیارەکانی گازی ڕووسی " دەبێت هەژماری ڕوبڵ بکەنەوە لە بانکەکانی ڕووسیادا. لەم هەژمارە بانکییانەوە پارەی ئەو گازە دەدرێت کە ڕەوانە دەکرێت."

وتی " ئەگەر بەوجۆرە پارەکە نەدرێت، وەکو پشتگوێ خستن سەیری دەکەین لەلایەن کڕیارەکانەوە و دەرەنجامی دەبێت. هیچ کەس هیچ شتێکمان بە خۆڕایی پێنافرۆشێت، ئێمەش کاری خێرخوازی ناکەین، ئەو گرێبەستانەی کە ئێستاش هەن ڕادەگیرێن."

یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت بەدووریانزانیوە پارەی گازە ڕووسیەکە بە ڕوبڵ بدەن.

ئیتاڵیا وتی لە پەیوەندییدایە لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانیدا تاوەکو وەڵامێکی توندی ڕووسیا بداتەوە، وتیشی یەدەگەکانی گازی وڵاتەکە ڕێگە بە بەردەوامبوونی چالاکییە ئابوورییەکانی وڵاتەکە دەدەن تەنانەت ئەگەر گازەکەش ببڕێت.

هاوکات کۆمپانیاکانی وزەی ئەڵمانیا وتیان لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیادا لەنزیکەوە گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەوەی چۆن وەڵام بدەنەوە ئەگەر هەناردەی گازی ڕووسی بۆ وڵاتەکە ڕابگیرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG