Accessibility links

پێشبینی دەکرێت پوتن بۆ شەش ساڵی دیکە سەرۆکایەتی ڕووسیا بکات


پێشبینی دەکرێت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن جارێکی دیکەش بۆ ماوەی شەش ساڵی تر سەرۆکایەتی ڕووسیا بکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بەرەو کۆتایی دەچێت کە هیچ ڕکابەرێکی ڕاستەقینەی پوتنی تێدا نەبوو.

هەڵبژاردنە سێ ڕۆژەییەکە کە ڕۆژی هەینی دەستیپێکرد لە ژینگەیەکی کۆنتڕۆڵکراودا بەڕێوەچوون، ڕێگە بە هیچ ڕەخنەیەک نەدراوە لە پوتن و جەنگەکەی لە ئۆکرانیادا. ئالێکسی ناڤاڵنی ڕکابەری سەرسەختی پوتن، مانگی ڕابردوو لە زیندانێکی ڕووسیادا گیانی لە دەستدا، ڕەخنەگرانی دیکەش یان ئەوەتا لە زینداندان یاخود دەربەدەربوون.

پوتنی تەمەن 71 ساڵ ڕووبەڕووی سێ ڕکابەر بووەتەوە کە سەر بە پارتەکانی دۆستی کرێملنن و خۆیان بە دوورگرتووە لە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتە 24 ساڵەییەکەی پوتن یاخود ڕەخنەگرتن لە داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا. پوتن لە کەمپینی هەڵبژاردنەکاندا باسی لە سەرکەوتنی ڕووسیا کردووە لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا، بەڵام هێرشێکی گەورەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا لە ڕۆژی یەکشەممەدا بۆ سەر ڕووسیا، بیرهێنانەوەیەک بوو بۆ ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی مۆسکۆ بوونەتەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی شەوی ڕابردوو 35 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان خستووەتە خوارەوە، چوار فڕۆکەیان لە نزیک مۆسکۆوە بوون. سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ سێرگێی سوبیانین وتی هیچ زیانێکی گیانی یاخود ماددییان لێنەکەوتووەتەوە.

ئابووری ڕووسیا سەلماندوویەتی کە سەرەڕای سزاکانی ڕۆژئاواش فراوانتر دەبێت. پیشەسازی بەرگری ڕووسیا بزوێنەری سەرەکی گەشەکردنەکە بووە، بیست و چوار کاتژمێرە کاری کردووە بۆ بەرهەمهێنانی موشەک و تانک و تەقەمەنی.

ئۆپۆزسیۆنە بڵاوبووەکەی ڕووسیا داوایان لەو خەڵکانە کردووە کە پوتنییان ناوێت یاخود دژایەتی جەنگەکەی دەکەن لە ئۆکرانیا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. ماوەیەکی کەم پێش مردنی، ناڤاڵنی پشتگیری لەو جۆرە هەنگاوە کرد.

هەڵبژاردنەکان لە ناوەندەکانی دەنگدان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بەڕێوەدەچن، تاوەکو بەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە سەدا 60 بەشدارییان لە دەنگدانەکەدا کردووە.

سەرەڕای کۆنتڕۆڵکردنەکەیان، چەندین حاڵەتی تێکدان لە ناوەندەکانی دەنگدان تۆمارکراون.

ژنێک لە سەینت پیتەرسبێرگ دەستگیرکرا دوای ئەوەی بۆمبێکی ئاگری هەڵدایە ناوەندێکی دەنگدانەوە، چەندین کەسی دیکەش لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بە تۆمەتی تێکدانی سندووقەکانی دەنگدان دەستبەسەرکراون.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا دمیتری مێدڤیدیڤ داوای کرد سزای ئەو کەسانە قورستر بکرێت کە ناوەندەکانی دەنگدان تێک دەدەن، وتی دەبێت ڕووبەڕووی سزای ناپاکی ببنەوە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی هەڵبژاردنەکان لە نێوەندی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا.

پێش هەڵبژاردنەکان، پوتن وتی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا شەڕی مردن و ژیانە دژی ڕۆژئاوا کە " هەوڵ دەدەن ڕووسیا بشکێنن."

XS
SM
MD
LG