Accessibility links

پوتن بۆ ڕۆژئاوا: مۆسکۆ دەتوانێت هەناردەکان ڕابگرێت و گرێبەستەکان هەڵبوەشێنێتەوە


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ڕۆژئاوای ئاگادار کردەوە و وتی دەتوانێت هەناردەکان ڕابگرێت و گرێبەستەکان لەگەڵ ڕۆژئاوادا هەڵبوەشێنێتەوە. ئەمەش ئەگەر بکرێت بەهێزترین وەڵامی ڕووسیا دەبێت بۆ ئەو سزایانەی کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا سەپاندوویانن بەسەر مۆسکۆدا.

پوتن کە لە ساڵی 1999 ەوە سەرۆکی ڕووسیایە، بڕیارێکی بەرفراوانی واژۆ کرد کە تیایدا هەناردەکردنی بەرهەم و کانزا خاوەکان بۆ ئەو کەس و لایەنانە قەدەغە دەکات کە لە لیستی سزاکانی ڕووسیادان، وتیشی داوای لە حکومەتەکەی کردووە لە ماوەی 10 ڕۆژدا لیستێکی ئەو کەس و لایەنانە ئامادە بکەن کە سزاکان دەیانگرێتەوە.

بڕیارەکە کە لەگەڵ ئاشکراکردنیدا خرایە جێبەجێکردنەوە، دەسەڵاتێک دەداتە مۆسکۆ تاوەکو پشێوی لە بازاڕەکاندا بخاتەوە، لەکاتێکیشدا دەتوانێت لە هەر ساتێکدا بێت هەناردەکانی ڕابگرێت یاخود گرێبەستەکانی لەگەڵ ئەو لایەن و کەسانەدا هەڵبوەشێنێتەوە کە لە لیستی سزاکانی ڕووسیادان.

حکومەتی ڕووسیا 10 ڕۆژی لەبەردەستدایە تاوەکو لیستی ئەو کەس و لایەنانە ئامادە بکات کە بڕیارەکەی ڕووسیا دەیانگرێتەوە، ئەمەش جگە لەو سیاسییانەی کە پێشتر ڕووسیا سزای بەسەردا سەپاندوون.

پوتن وتی ئەم بڕیارە وەکو وەڵامدانەوەیەکە بۆ " کردەوە نایاساییەکانی " ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی کە ئامانج لێیان " لێسەندنەوەی مافی موڵکداریی فیدراسیۆنی ڕووسیا و هاوڵاتیانی و لایەنە یاساییەکانی ڕووسیایە."

پوتن چەند جارێک هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی مۆسکۆ بە توندی وەڵام دەداتەوە، بەڵام تاوەکو ڕۆژی سێشەممە توندترین وەڵامدانەوەی ڕووسیا بڕینی هەناردەکردنی گاز بووە بۆ پۆڵەندا و بولگاریا و داوای کردووە پارەی گازەکە بە دراوی ڕوبڵی ڕووسی بدرێت.

بڕیارەکەی ڕۆژی سێشەممە هەناردەکردنی بەرهەم و کانزا خاوەکان بۆ ئەو کەس و لایەنانە قەدەغە دەکات کە کرێملن سزای بەسەردا سەپاندوون. هەروەها مامەڵەکردنی بازرگانی لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەدا قەدەغە دەکات، تەنانەت ئەگەر پێشتر گرێبەستیشیان هەبووبێت و گرێبەستەکەش لە ئێستادا کارا بێت.

پوتن داوای لە حکومەتەکەی کردووە لە ماوەی 10 ڕۆژدا لیستێکی ئەو کەس و لایەن و کۆمپانیایانە ئامادە بکات کە سزاکان دەیانگرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG