Accessibility links

پوتن: پیۆنگیانگ زۆر شت دەکات بەڵام واشنتن وەڵامی ناداتەوە


سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن وتی کۆریای باکوور هەنگاوی زۆر دەنێت بە ئاڕاستەی چەکداماڵین لە نیمچە دوورگەی کۆریادا بەڵام واشنتن وەڵامی نیە و هەمیشە داواکارییەکی ناکۆتایی هەیە سەبارەت بە چەکداماڵینی تەواوەتی.

پوتن لە کۆڕبەندێکی ئابووری لە شاری ڤلادیڤۆستۆکی ڕوسی وتی گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی زۆر لەلایەن لایەکەوە و نەگرتنەبەری هیچ ڕێوشوێنێک لەلایەن لاکەی دیکەوە ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت. ئاماژەشی بەوەدا پیۆنگیانگ چاوەڕێی وەڵامێک دەکات لەسەر ئەو هەنگاوە ئەرێنییانەی کە گرتوونیەتەبەر.

پوتن ڕونیشی کردەوە زۆر گرنگە کۆریای باکوور گرەنتی دەستبکەوێت سەبارەت بە ئاسایشی وڵاتەکەی.

هەر لە کۆڕبەندەکەدا سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن پێشنیاری واژۆکردنی پەیماننامەیەکی ئاشتی کرد بۆ سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی لەنێوان مۆسکۆ و تۆکیۆدا.

جێی ئاماژەیە ڕوسیا و ژاپۆن ناکۆکییان هەیە لەسەر زنجیرەیەک دوورگە لە دەریای هێمن، لە جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ئێستا بە فەڕمی ئەو دوژمنایەتییەی هەیانە کۆتاییان پێنەهێناوە.

پوتن لە کاتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکاندا لە کۆڕبەندە ئابوورییەکە ڕووی کردە شینزۆ ئابی و وتی " هەر ئێستا بیرۆکەیەکم بۆ هات، با تاوەکو پێش کۆتایی ساڵ پەیماننامەیەکی ئاشتی واژۆ بکەین بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەخت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG