Accessibility links

ڕابەری کۆریای باکوور و پوتن کۆبوونەوە


ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن
ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن

ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتندا کۆبۆوە و کە ئامانج لێی دەرخستنی ئەوەیە کە ئەمەریکا تەنها هێز نیە کە بتوانێت بەرنامەی تایبەت بۆ بەرنامە ناوەکییەکەی پیۆنگیانگ دابنێت.

وتوێژەکانی دوو سەرۆکەکە بەدرێژایی ئەمڕۆ بەردەوام دەبن لە شاری ڤلادیڤۆستۆکی ڕوسی، ئەمەش دوای ئەوەی کۆبوونەوەکەی نێوان کیم جۆنگ ئون و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ شکستی هێنا.

لە یەکەم چاوپێکەوتنیاندا، پوتن و کیم پێش ئەوەی بچنە هۆڵی کۆبوونەوەکانەوە زەردەخەنەیان کرد و تەوقەیان لەگەڵ یەکترداکرد.

پوتن لە لێدوانێکی کورتدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند وتی هیوادارە ئەم سەردانەی کیم " یارمەتیدەر بێت لەوەی بەشێوەیەکی باشتر تێبگەین لەوەی ئەو ڕێگایانە چین تاوەکو بگیردرێنەبەر بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک لە نیمچە دوورگەی کۆریادا و پێکەوە بتوانین چی بکەین و ڕوسیا بتوانێت چی بکات بۆ پشتیوانیکردنی ئەو پڕۆسە ئەرێنیانەی کە ئێستا لە ئارادان."

پوتن وتی " بێگومان پێشوازی لە هەوڵەکانی کیم دەکەین بۆ پەرەپێدانی وتوێژەکان لەنێوان دوو کۆریاکەدا و باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆریای باکوور و ئەمەریکا."

دوای کۆبوونەوەکە پوتن وتی لەگەڵ کیمدا باسیان لە ڕەوشی نیمچە دوورگەی کۆریا کردووە.

وتیشی گفتوگۆیەکی باشی لەگەڵ کیمدا کردووە و بیروڕای جیاوازیان گۆڕیوەتەوە سەبارەت بە چۆنێتی باشکردنی ڕەوشەکە.

کیم پێش کۆبوونەوەکە وتی ئەم کۆبوونەوەیە یارمەتیدەر دەبێت لە پتەوکردن و بەرەوپێشەوە بردنی پەیوەندیەکانی نێوان ڕوسیا و کۆریای باکوور کە مێژووییەکی درێژ لە هاوڕێیەتی بە یەکیانەوە دەبەستێتەوە.

وتیشی " لەکاتێکدا هەموو سەنگەکانی جیهان لەسەر نیمچە دوورگەی کۆریان، گفتوگۆیەکی گرنگ دەبێت بۆ ئێمە تاوەکو بە هاوبەشی هەڵسانگاندنێکی سیاسیی بکەین بۆ نیمچە دوورگەی کۆریا و پێکەوە بەشداری و هەماهەنگی و بیر بکەینەوە لە هەڵوێستەکانمان."

ئەم کۆبوونەوەیەی ڤلادیڤۆستۆک بە هەلێک دادەنرێت بۆ کۆریای باکوور تاوەکو پشتیوانیی وڵاتێکی نوێ بەدەست بهێنێت و کاریگەری سزاکان کەم بکاتەوە کە زیانی بە ئابوورییەکەی گەیاندووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG