کرێملن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمیڕ پوتن بە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بینیامین ناتانیاهوی وتووە هێزی ئاسمانی ئیسڕائیل سەروەری سوریای پێشێل کردووە.
پوتن وتی هێزی بەرگری ئاسمانی سوریا فڕۆکەیەکی ڕوسییان خستۆتە خوارەوە بەهۆی پابەند نەبوونی ئیسڕائیلەوە بە ڕێکەوتنەکانی نێوان ڕوسیا و ئیسڕائیل بۆ ڕێگە گرتن لە ڕووداوی مەترسیدار.
کرێملن وتیشی پوتن داوای لە ئیسڕائیل کردووە لە داهاتوودا خۆیان بەدوور بگرن لەم جۆرە ڕەوشانە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند مۆسکۆ بە ئیسڕائیلی ڕاگەیاندووە کە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی هێزە سەربازییەکانی لە سوریادا.
جێی ئاماژەیە دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکە سەربازییەکەی ڕوسیا لە سوریا، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لەگەڵ جێگری نوێنەری ئیسڕائیل لە مۆسکۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر بابەتەکە کرد.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز