Accessibility links

پوتن بەرپرسیارێتی قەیرانی وزە دەخاتە سەر شانی ئەوروپا


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەڵێت ئەوروپا بەرپرسە لەو قەیرانی وزەیەی ڕووبەڕووی بۆتەوە، لە کاتێکدا کە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە کۆششییان کرد ڕێکبکەون لەسەر کەمکردنەوەی نرخی گازی ڕووسیا.

ڕۆژی چوارشەممە نەوت لە بۆری دروژبای گواستنەوەی نەوتی ڕووسیا بۆ ئەڵمانیا لە پۆڵەندا دزەی کرد، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی گواستنەوەی نەوت بۆ ئەڵمانیا. ئەم ڕووداوەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئاسایشی ئەو وزەیەی هەناردەی ئەوروپا دەکرێت زیاتر کرد.

پۆڵەندا دەڵێت دزەکردنەکە ڕەنگە بەهۆی ڕووداوێکەوە بووبێت، بەڵام لە کاتێکدایە کە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەوڵ دەدەن پشت بەستنیان بە وزەی ڕووسیا کەم بکەنەوە، وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا.

دوای ئەوەی لە مانگی ڕابردوودا هەواڵی دزەکردنی گاز لە بۆری گواستنەوەی گازی ڕووسیا بۆ ئەڵمانیا بڵاوبۆوە، لە ئێستادا نۆرد ستریم کار ناکات، ڕووسیا و ڕۆژئاواش دەڵێن دزەکردنی گاز لە بۆرییەکەدا بەهۆی کارێکی تێکدەرانەوە بووە.

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن گوتی دزەکردنی گاز لە دوو بۆرییەکەی نۆرد ستریم کە بە ژێر دەریای باڵتیکدا دەڕۆن " کردەوەیەکی تیرۆریستی نێودەوڵەتی " بووە بۆ ئەوەی خەڵکەکە دەستی نەگات بە وزەی هەرزان.

کۆمسیاری وزەی یەکێتی ئەوروپا کادری سیمسن دوای کۆبوونەوەکەی وەزیرانی وزەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە پڕاگ وتی نرخەکان بەرزن بەڵام ئاماژەشی بەوەدا هێشتا ڕێکەوتن نەکراوە لەسەر کەمکردنەوەی نرخی گازی ڕووسیا.

پوتن گوتی گازەکە هێشتا دەکرێت لە یەک بەشی نۆرد ستریم 2 ەوە ڕەوانەی ئەوروپا بکرێت، بەڵام ئەوە پەیوەستە بە یەکێتی ئەوروپاوە گازەکەی بوێت یاخود نا.

چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ئەڵمانیا پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 ی ڕاگرت، ڕۆژی چوارشەممە وتەبێژێکی حکومەتی ئەڵمانیا بەدووریزانی گاز لەو بۆرییەوە هاوردە بکات.

پوتن باسی لەوەش کرد دەکرێت ئەو گازەی بۆ ئەوروپا دەنێردرێت لە ڕێی تورکیاوە بنێردرێت.

گوتی " دەتوانین لەگەڵ نۆرد ستریمەکاندا بڕێکی زۆری دیکە لە ژێر دەریای باڵتیکەوە بنێرین بۆ دەریای ڕەش و لەوێوە نەوت و گازە سروشتییەکەمان لە ڕێی تورکیاوە بنێرین بۆ ئەوروپا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG