Accessibility links

پوتن دەڵێت ئۆکرانیا لە پشت تەقینەوەکەی سەر پردەکەی کرایمیاوەیە و بە تیرۆر ناوی دەبات


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ئۆکرانیای بە تۆمەتی ڕێکخستنی تەقینەوە بەهێزەکەی سەر پردەکەی کرایمیا تۆمەتبار کرد، کە پردەکە کرایمیا بە ڕووسیاوە دەبەستێتەوە و بەهۆی تەقینەوەکەوە زیانی بەرکەوتووە، تەقینەوەکەشی بە " کردەوەیەکی تیرۆریستی " ناوبرد.

پوتن لە ڤیدیۆیەکدا کە لە کەناڵی کرێملن لە تێلیگرام بڵاوکراوەتەوە دەڵێت " هیچ گومانێک نیە لەوەدا کە ئەمە کارێکی تیرۆریستیە و ئامانج لێی لە ناوبردنی ژێرخانێکی هەستیاری مەدەنی بووە."

وتی " ئەمە لەلایەن دەزگا تایبەتەکانی ئۆکرانیاوە داڕێژراوە و فەرمانی بۆ دەرچووە و ئەنجامدراوە."

تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئۆکرانیا بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام پەیامی خۆشحاڵییان بڵاوکردۆتەوە. پردەکە دەکەوێتە سەر تەنگەی کێرچ و ڕێڕەوێکی گرنگی گواستنەوەی پێداویستییەکانە بۆ هێزەکانی ڕووسیا لە باشووری ئۆکرانیا.

پردەکە دەمارێکی گرنگیشە بۆ بەندەری سیڤاستۆپۆڵ کە کەشتیگەلی ڕووسیا لەوێ جێگیرکراوە.

هاوکات پردەکە سیمبولی لکاندنی نیمچە دوورگەی کرایمیایە بە ڕووسیاوە، کە لە ساڵی 2014 دا مۆسکۆ دەستی بەسەرداگرت و لکاندی بە ڕووسیاوە. هاوکات تەقینەوەکە لە کاتێکدایە کە ڕووسیا لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا لە باکووری ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا ڕووبەڕووی چەند شکستێک بۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG