Accessibility links

سیستەمی نوێی ڕابەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان


ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەی پەسەندکرد و باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگیشی وەکو هاوسەرۆکی حیزبەکە هەڵبژارد، بەڵام هێشتا بەشێک لە پرسە کێشەدارەکان یەکلایی نەکراونەتەوە.

پەیڕەوی ناوخۆیی یەکێتی لە 77 مادە پێکدێت، 76 مادەی پەسەندکراوە، بەڵام ئەو مادەیەی پەیوەندی بەدەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵای سیاسیەوە بەسەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ هەیە،هێشتا ماوە و لیژنەیەک لەهەردوو ئەنجومەنەکە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای سیاسی پێکهێنراوە بۆ گفتووگۆ لەسەرکردنی.

شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"لیژنەیەکی 7 کەسی لە هەردوو ئەنجومەنەکە پێکهێنراوە، بۆ دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بەشێوەیەک کەلەگەڵ پەیڕەوپرۆگرام دا بگونجێت."

ئەنجومەنی باڵای سیاسی کەلە 9 کەس پێکدێت و کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکایەتی دەکات، دەیەوێت دەسەڵاتی فیعلی هەبێت و توانای ڤیتۆکردنی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەبێت.

لەبەرامبەردا پێناچێت ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە لەلایەن باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، ڕازی بێت بە پێدانی دەسەڵاتی زۆر بە ئەنجومەنەکەی کۆسرەت رەسوڵ، بۆیە ئەم گرفتە هێشتا بەهەڵواسراوی ماوەتەوە.

بەپێی هەیکەلی نوێی یەکێتی، لە124 ئەندامەکەی سەرکردایەتی، 17 کەسیان دەبنە مەکتەبی سیاسی، کە دووانیان هاوسەرۆکی حزب و 5 یشیان کارگێڕی مەکتەبی سیاسی دەبن، هەروەها بەرپرسی مەکتەبەکانیش دەبنە ئەندامی مەکتەبی سیاسی کەژمارەیان 10 کەسە.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، پاش هەڵبژاردنی باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکی یەکێتی، لە دوای دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، زۆرترین مشت و مڕ لەسەر 5 کارگێر مەکتەب سیاسیەکەیە کە کێ بن.

ناوی هەریەک لە: شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، خەسرەو گوڵ محەمەد، رەفعەت عەبدوڵا، عیماد ئەحمەد و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەهێنرێت، بەوەی شانسی وەرگرتنی پێنج کارگێر مەکتەب سیاسیەکەیان هەبێت.

زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئاماژەبەوەش دەکەن کۆسرەت رەسوڵ ویستوویەتی هەڵبژاردنی هاوسەرۆکانی یەکێتی و کوڕەکانی لەیەک کاتدا و بەیەک پاکێج بێت، بەڵام ئەمە نەکراوە.

شادمان مەلا حەسەن، وتی"هێشتا نازانرێت ئەو پێنج کەسە کێ دەبن، کە دەبنە کارگێڕی مەکتەبی سیاسی."

بەڕای چاودێران کۆنگرەی یەکێتی، هەریەک لە باڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی کردە بڕیاردەری سەرەکی یەکێتی و پێگەی کۆسرەت رەسوڵیشی لاوازکرد، بەڵام بەرهەم ساڵح لە هاوکێشەکە کشایەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەسەرکردایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"بەرهەم ساڵح بەنیازی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک یان سکرتێری یەکێتی بوو، بەڵام کاتێک سستمەکە بۆ هاوسەرۆکی گۆڕا، لە هاوکێشەکە کشایەوە."

وتیشی"بە کشانەوەی بەرهەم ساڵح، مشت و مڕەکە، زیاتر لە نێوان ماڵی مام جەلال و کاک کۆسرەتدایە."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، بەرهەم ساڵح لەمەودوا زیاتری چاوی لە بەغدا دەبێت، وەک لە هەرێم، دەیەوێت زیاتر لەسەر ئاستی عێراق کاربکات، نەک لەنێو حزبدا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:19 0:00


XS
SM
MD
LG