Accessibility links

ڕێپـێوانی 200 ژن لە بیلاڕووسیا بۆ پشتیوانیکردن لەوانەی لە خۆپـیشاندانەکاندا برینداربوون


نزیکەی 200 ژن لە مینسکی پایتەختی بیلاڕووسیا ڕێپـێوانێکیان سازکرد بۆ دەربڕینی هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ئەو کەسانەی لە خۆپـیشاندانەکانی ئەم دوایـیانەی وڵاتەکەیان برینداربوون.

خۆپـیشاندانی ناڕەزایی لە بیلاڕووسیا دەستیپـێکرد پاش ئەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند ئەلێکزاندەر لوکاشینکۆ بۆ جاری شەشەم خولی سەرۆکایەتی بردەوە. بەپـێی کۆمسیۆنەکە لوکاشینکۆ 80% ی دەنگەکانی بردووەتەوە و ڕکابەرەکەی( سڤیتلانا تیخانوفسکایا) تەنیا 10%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

لە ڕۆژی یەکشەممەوە هەتا ئێستا خۆپـیشاندانی ناڕەزایی لە پایتەخت و چەند شارێکی ئەو وڵاتە دەستیپـێکردووە و بەپـێی ڕاپـۆرتەکان نزیکەی 6 هەزار کەس دەستگیرکراون و سەدان کەسیش برینداربوون، لەوانە پەیامنێری ڕادیۆی ئازادی ئەوروپا کە زۆر بە خراپی لەلایەن پـۆلیسەوە لێی دراوە.

خۆپـیشاندەران دەڵێن فرتوفێڵ و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا کراون.

ئەلێکزاندەر لوکاشینکۆ کە لە ساڵی 1994 وە سەرۆکی بیلاڕووسیایە و زۆر جار بە دوا دیکتاتۆری ئەوروپا ناودێردەکرێت، دەڵێت ئەوانەی لە دژین کەسانێکن ڕابردوویەکی تاوانکاریـیان هەیە و ئێستا بێکارن.

XS
SM
MD
LG