Accessibility links

لە تۆکیۆوە بۆ نیویۆرک، هەزاران کەس دژی داگیرکردنی ئۆکرانیا خۆپیشاندان دەکەن


ڕووسیا
ڕووسیا

خۆپیشاندەران ڕژانە سەر شەقامەکانی بەردەم باڵیۆزخانەکانی ڕووسیا لە تۆکیۆی ژاپۆن و تەل ئەڤیڤی ئیسڕائیل و نیویۆرکی ئەمەریکا و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی دژی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە، هاوکات هەزاران کەسی دیکە لە ڕووسیا دەستگیرکراون کە ویستوویانە هەمان شت بکەن.

یەکەمین خۆپیشاندان لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی ڕووسیا بوو لە واشنتن، تەنها سێ کاتژمێر دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن وتی دەستیکردووە بە هێرشە سەربازییەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا.

دەزگا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاندن پیشانیاندا دەیان خۆپیشاندەر لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا ئاڵای ئۆکرانیایان بەزرکردۆتەوە و دەڵێن " دوژمنکارییەکەی ڕووسیا ڕابگرن."

لە لەندەنیش سەدان خۆپیشاندەر کە زۆرینەیان ئۆکرانی بوون و هەندێکیان دەگریان، لە بەردەم داونین ستریتدا گردبوونەوە، کە شوێنی ماڵەکەی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیایە، داوایان لە بەڕیتانیا کرد کاری زیاتر بکات.

یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان وتی " پێویستمان بە یارمەتییە، پێویستمان بە کەسێکە پشتیوانیمان لێبکات. ئۆکرانیا زۆر بچووکە و فشارەکەش زۆر گەورەیە."

لە پاریس، یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بە ڕۆیتەرزی وت " هەست دەکەم لە ساتێکی زۆر مەترسیدارداین بۆ سەرانسەری جیهان."

لە مەدریدی ئیسپانیاش، خافیێر باردیمی ئەکتەر کە ئەم ساڵ هەڵبژێردراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتێکی دیکەی ئۆسکار، چووە پاڵ خۆپیشاندەرەکانی بەردەم باڵیۆزخانەی ڕووسیاوە لە مەدرید.

باردیم وتی " ئەمە داگیرکردنە، مافی بنچینەیی ئۆکرانیا بۆ سەروەری خاکەکەی پێشێل دەکات، یاسا نێودەوڵەتیەکان و زۆر شتی دیکەش پێشێل دەکات."

لەلایەکی دیکەشەوە لە گۆڕەپانی مانهاتنی ئەمەریکا ئاڵایەکی زۆر گەورەی ئۆکرانیا لەلایەن سەدان خۆپیشاندەرەوە بەرز کرایەوە.

لە بێرنی پایتەختی سویسراش سەدان کەس گردبوونەوە و ئاڵای ئۆکرانیایان بەرزکردەوە و دەیانوت " ئاشتی بۆ ئۆکرانیا."

لە یۆنانیش بە هەمان شێوە خۆپیشاندان دژی هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ئەنجامدرا و یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان کە یەکێکیشە لە ئەندامی کۆمەڵگەی ئۆکرانیەکان لە یۆنان وتی " تەنها شت کە باوەڕمان پێی هەبێت ئەوەیە سروشێک ئەم شتە تۆقێنەر و خراپە بوەستێنێت کە لە ئێستادا ڕوودەدات."

لە جنێڤیش خۆپیشاندانێکی بچووک بەڕێوەچوو، خۆپیشاندانەکە لەلایەن هەڵمەتی لەناوبردنی چەکی ناوەکییەوە ڕێکخرا کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە، سەرکۆنەی هەڕەشەکانی پوتنیان کرد بۆ " بەکارهێنانی چەکی ناوەکی."

خۆپیشاندانی دیکە لە بەیروت و تەل ئەڤیڤ و دەبڵن و پراگ بەڕێوەچوون.

سەدان کەس لە مۆسکۆ و سەینت پیتەرسبێرگ و یکاتێرینبێرگ و شارەکانی دیکەی ڕووسیا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دەیانوت " نا بۆ جەنگ."

بەپێی ڕێکخراوی ئۆ ڤی دی بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، پۆلیس نزیکەی 1667 کەسیان لە 53 شار دەستگیرکردووە. دەزگای هەواڵی تاس وتی بە تەنها لە مۆسکۆ 600 کەس دەستگیرکراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG