Accessibility links

داواکاری گشتی: هێرشەکەی سەر سەلمان ڕوشدی پێشتر پلانی بۆ داندراوە


هادی مەتەڕ
هادی مەتەڕ

ئەو پیاوەی بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر سەلمان ڕوشدی بە چەقۆ تۆمەتبارکراوە ڕۆژی شەممە دانینەنا بە تاوانەکەیدا، داواکاری گشتیش دەڵێت هێرشەکە " پێشتر پلانی بۆ داندراوە." هاوکات ڕوشدی هێشتا بەهۆی برینە سەختەکانیەوە لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.

پارێزەری هێرشبەرەکە " هادی مەتەڕ " لە دانیشتنێکی تۆمەتبارکردنەکەدا لە ڕۆژئاوای نیویۆرک لەجیاتی مەتەڕ ڕایگەیاند مەتەڕ دان نانێت بە تاوانەکەدا.

دوای ئەوەی داواکاری گشتی ناوچەکە جەیسن شمیت وتی مەتەڕ خۆی هەنگاوی ناوە بەرەو ئەوەی بەمەبەست خۆی بکاتە حاڵەتێکەوە کە ئازاری ڕوشدی بدات، دادوەرەکە فەرمانیکرد ڕێگە نەدرێت مەتەڕ بە کەفالەت ئازاد بکرێت.

شمیت وتی " ئەم هێرشەی سەر بەڕێز ڕوشدی بە ئامانج و بێ بیانوو بووە و پێشتریش پلانی بۆ داندراوە."

داکۆکیکاری گشتی نەثانیێڵ بارۆن گلەیی ئەوەی کرد بەرپرسان کاتێکی زۆرییان پێچووە تاوەکو مەتەڕ بهێننە بەردەم دادوەرێک و لەو ماوەیەشدا " بە کورسییەکی بنکەی پۆلیسی ویلایەتەکەوە بەستراوەتەوە."

بارۆن وتی " ئەو مافی دەستووری خۆیەتی بە بێتاوان گریمان بکرێت."

مەتەڕی 24 ساڵ بە تۆمەتی هێرشکردنەسەر ڕۆماننوس سەلمان ڕوشدی بە چەقۆ تۆمەتبار کراوە.

بەپێی ئاندرو وایلی بریکاری ڕوشدی، ڕوشدی تەمەن 75 ساڵ جگەری و دەمارەکانی قۆڵێکی و چاوێکی زیانییان بەرکەوتووە، لە ئێستاشدا لەسەر ئامێری هەناسەدانە و ناتوانێت قسە بکات. ئەگەرێکی زۆر هەیە ڕوشدی ئەو چاوەی لەدەست بدات کە زیانی بەرکەوتووە.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG