Accessibility links

پـورتوگال تۆمەتی هەوڵی کوشتن ئاڕاستەی هەردوو کوڕەکەی پاڵیۆزی پـێشووی عێراق دەکات


پـورتوگال بە فەرمی تۆمەتی هەوڵی کوشتنی ئاڕاستەی هەردوو کوڕەکەی سەعەد محەمەد ڕزا باڵیۆزی پـێشووی عێراق بۆ پـورتوگالی کرد لەسەر لێدانی نەوجەوانێکی پـورتوگالی بە شێوەیەکی مەترسیدار لە ساڵی 2016.

ئۆفیسی داواکاری گشتی پـورتوگال دوێنێ پـێنجشەممە ڕایگەیاند هەریەک لە حەیدەر و ڕزا کە لە 17 ی مانگی هەشتی ساڵی 2016لە ناوچەی بۆنتێ دێ سۆر زۆر بە توندی لە نەوجەوانێکی تەمەن 15 ساڵیان دابوو و زیانیان گەیاندبوو بە سەر و دەموچاوی و بە بوراوەیی جێیانهێشتووە، تۆمەتی هەوڵی کوشتنیان ئاڕاستە کرا.

حەیدەر و ڕزا کە لە کاتی ڕووداوەکە تەمەنیان 17 ساڵ بوو، لە میانەی چاوپـێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی لەگەڵ کەناڵێکی پـورتوگالی گوتیان سەرەتا ئەوان لە لایەن چەند گەنجێکی پـورتوگالیـیەوە هێرشیانکراوەتەسەر و ئەوانیش ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.

پـۆلیسی پـورتوگال هەردووکیانی دەستگیرکرد، بەڵام دواتر ئازادیکردن بەو پـێـیەی باوکیان دیپـلۆماتە و ئەوانیش پارێزبەندی دیپـلۆماسی دەیانگرێتەوە. دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە چەند جارێک داوایان لە حکومەتی عێراق کرد ئەو پارێزبەندیـیە دیپـلۆماسیەیان لەسەر لابرێت، بەڵام بەغدا ئامادە نەبووە.

خێزانی نەوجەوانە پـورتوگالیـیەکە لە دەرەوەی دادگا لەگەڵ باڵیۆزی عێراقدا ڕێکەوتن بەوەی 40 هەزار یورۆیان وەک قەرەبوو بداتێ لەگەڵ 12 هەزار یورۆی دیکە بۆ چارەسەرکردنی پـزیشکی کوڕەکەیان.

XS
SM
MD
LG