Accessibility links

پاپا گەڕایەوە، پێکهاتە ئاینیەکان خواستی لەیەکترنزیکبوونەوەی زیاتریان هەیە


دوای مانەوەی بۆ ماوەی 3 ڕۆژ لە عێراق، پاپا فرەنسیس، ئەمڕۆ دوو شەممە، کۆتایی بەسەردانەکەی هێنا و گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی، زانایان و نوێنەرانی پێکهاتە ئاینیەکان، سەردانەکەی پاپا بەگرنگ وەسف دەکەن، پێیانوایە کاریگەری دەبێت لەسەر ئاشتی و هاندانی لایەنەکان بۆ وەلا نانی ڕق و دوو بەرەکی.

لەکاتی سەردانەکەی پاپافرەنسیس دا بۆ عێراق، نوێنەری سەرجەم پێکهاتە ئاینیەکان لەنزیکەوە یەکتریان بینی و گفتووگۆیان کرد، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری شەڕ و خوێن ڕشتن و کێشەکانی عێراق لە ڕابردوودا، بۆ ناکۆکی تایەفی و ئاینی و مەزهەبی دەگێڕدرێتەوە.

باوە حەمید کاکەیی، کەسایەتی دیاری کاکەییەکانی کوردستان و یەکێک لەو کەسایەتیە ئاینیانەی لە سەرۆکایەتی کۆمار پێشوازی لە پاپا فرەنسیس کرد، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کێشمەکێش و ناسەقامگیریەکانی عێراق، دووبەرەکی لەنێو کۆمەڵگەدا دروستکردووە، بۆیە سەردانەکەی پاپا، دەچێتە خزمەتی سەقامگیری و ئاشتی و لەیەکتر نزیکبوونەوەی بیر و باوەڕە جیاوازەکانەوە."

جەختیشیکردەوە"هەموو نەتەوە و پێکهاتە ئاینیەکان پێکەوە و لەژێر یەک سەقفدا، پێشوازیان لە پاپا کرد، ئەمە ڕووداوێکی گرنگ بوو."

سەردانەکەی پاپا فرەنسیس بۆ عێراق، لەکاتێکدابوو، کەمایەتیە ئانیەکان لە دۆخێکی خراپدا بوون، بەهۆی هێرشی داعش و ململانێی تایەفیەوە، بەشێکی زۆریان زێدی خۆیان بەجێهێشتووە و ئاوارەی ناوچەکانی تری عێراق بوون.

بیشمام فاروق چالاکوانی ئێزدی، ڕوونیکردەوە پاپا ئەرکی کێشاوە و سەردانی عێراقی کردووە، تا پێکهاتە ئاینیەکان لەیەکتری نزیک بکاتەوە، بۆیە سەردانەکەی کاریگەری دەبێت، چونکە هەموو لایەنەکانی بینیووە لەنزیکەوە.

هاوکات سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، پێیوایە سەردانەکەی پاپا فرەنسیس بۆ عێراق، هەموو لایەنەکان هاندەدات تا بیر لە وەلانانی ڕق و دووبەرەکی بکەنەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پاپا فرەنسیس و سەید عەلی سستانی، دوو کەسایەتی گەورەی پاڵپشتیکاری ئاشتین، یەکتر بینینەکەیان کاریگەری دەبێت."

کەمایەتیە ئاینیەکان، لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، داوایان لە پاپا فرەنسیس کرد، ئامۆژگاری سەرکردەی وڵاتانی جیهان و پیاوانی ئاینی بکات، قۆناغی ڕق و یەکتر سڕینەوە تێپەڕێنن و کار بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان بکەن.

مەلا ئیدریس ژاڵەیی، ئەندامی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەبواری پەیوەندی نێوان ئاینەکان، لەبارەی سەردانەکەی پاپا فرەنسیسەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕوونیکردەوە گفتووگۆ و یەکتربینینی نوێنەری بیروباوەڕە جیاوازەکان، کاریگەری دەبێت لەسەر یەکخستن و نزیکبوونەوەی ئاینەکان لە یەکتری، وتی"لەجیهاندا چەندەها ئاین بوونی هەیە، خیتابی ڕقاوی و دووبەرەکی بوونی هەیە، بۆیە سەردانی پاپا لە مکاتەدا، هەم بۆ لای زانایانی ئاینی شیعە و سونە، کاریگەری دەبێت لەسەر پێکەوە ژیان و ڕەخساندنی هەلی خۆشویستن لەنێوان پەیڕوانی ئاینە جیاوازەکاندا."

سەردانەکەی پاپا فرەنسیس، گەر هۆکارێک بووبێت بۆ گفتووگۆی نێوان ئاینەکان و یەکتربینی نوێنەرەکانیان، ئەوا بە بارێکی تردا، سەردانێکی مێژوویی بوو بۆ کریستانەکانی عێراق، بۆیە بەشێوەیەکی گەرم و گوڕ پێشوازیان لێکرد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:22 0:00


XS
SM
MD
LG