پاپا بێنێدکت ڕێوڕه‌سمی ئاینی به ئاماده‌بوونی هه‌زاران که‌س له کاثۆلیکه ڕۆمانه‌کان له به‌نین به‌ڕێوبرد، به‌مه‌ش کۆتایی هێنا به گه‌شته 3 ڕۆژیه‌که‌ی بۆ ئه‌و وڵاته بچووکه‌ی ڕۆژئاوای ئه‌فریکا.
زیاتر له 50 هه‌زار که‌س له گۆڕه‌پانی گه‌وره‌ترین یاریگای شاری کۆتۆنۆی به‌نین گردبوونه‌وه و زۆرینه‌یان جلوبهرکی ڕه‌نگاوڕه‌نگیان له به‌ردابوو و سه‌مایان ده‌کرد.
له‌و ڕێوڕه‌سمه ئاینیه‌دا پاپا ئه‌و یاداشتنامه‌یه‌ی پـێشـکه‌شکرد که ڕۆژی شه‌ممه واژوی کردبوو، خاڵه‌کانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئامۆژکاریـیهکانی ڕابه‌رانی کڵێساکانی ئه‌فریکا بوون که له ساڵی 2009 وه سه‌باره‌ت به‌و کێشه و گرفتانه‌ی ڕووبه‌ڕووی کیشوه‌ره‌که ده‌بنه‌وه لێـکۆڵینه‌وه‌یان کردووه، له‌وانه شه‌ڕ و ناکۆکی و هه‌ژاری و گه‌نده‌ڵی.
له یه‌که‌م سه‌ردانی بۆ ئه‌فریکا له ساڵی 2009 دا، پاپا کاتێك به ڕۆژنامه‌وانانی گوت به‌بۆچوونی ئه‌و (کۆندۆم) کێشه‌ی ئایدز ئاڵۆزتر ده‌کات مشتوومڕێکی هێنایه ئاراوه، به‌ڵام له‌م سه‌ردانه‌یدا تاڕاده‌یه‌ك له‌م بابه‌ته خۆی لادا و هه‌ر ئه‌وه‌نده ئامۆژگاری دا که ئه‌مه پرسێکی ئهخلاقـیـیه و ده‌بێت له ڕێگه‌ی دوورکه‌وتنه‌وه له ئه‌نجامدانی سێکس و وه‌فاداری بۆ هاوسه‌ر چاره‌سه‌ربکرێت.
هه‌روه‌ها پاپا په‌یامێکی بۆ ڕابه‌رانی ئه‌فریکا هه‌بوو و داوای لێـکردن گه‌لانی خۆیان بێهیوا نه‌که‌ن.