Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی کۆریای باکوور دەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ لەگەڵ ستیڤ بیاگۆنی نوێنەری تایبەتی نوێی ئەمەریکا بۆ کۆریای باکوور

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ لەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە سەردانی کۆریای باکوور دەکاتەوە بەمەبەستی ڕازیکردنی پیۆنگیانگ تاوەکو دەستبەردانی چەکە ناوەکییەکەی بێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا ستیڤن بیاگۆن هاوەڵی پەمپیۆ دەکات بۆ پیۆنگیانگ.

ڕۆژ پێنجشەممە پەمپیۆ ستیڤ بیاگۆنی وەکو نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کۆریای باکوور دەستنیشان کرد، بیاگۆن کۆمارییەکی بە ئەزموونە لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا و پێشتر بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فۆرد بووە.

پەمپیۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ستیڤ سیاسەتی تایبەتی ئەمەریکا ئاڕاستەی کۆریای باکوور دەکات و سەرپەرشتی هەوڵەکانمان دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکەی سەرک ترامپ بۆ نەهێشتنی چەکی ناوەکیی بەتەواوەتی وەکو چۆن کیم جۆنگ ئون ڕازی بووە لەسەر ئەنجامدانی ئەو کارە.

وتیشی " هەفتەی داهاتوو من و ئەو دەچین بۆ کۆریای باکوور تاوەکو پێشکەوتنی سیاسیی زیاتر بەدەست بهێنین بە ئاڕاستەی ئامانجەکەمان."

جێی ئاماژەیە ئەمە چوارەمین سەردانی مایک پەمپیۆ دەبێت لەمساڵدا بۆ کۆریای باکوور بە مەبەستی ڕازی کردنی پیۆنگیانگ تاوەکو دەستبەرداری چەکە ناوەکییەکەی بێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هێثەر ناورێت وتی پەمپیۆ بەنیاز نیە لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا کۆببێتەوە.

ناورێت وتی " پێشبینی ئەوە ناکەین لەگەڵ کیمدا کۆببینەوە، ئەوە بەشێک نیە لە سەردانەکە."

لەلای خۆشیەوە ستیڤ بیاگۆن وتی بابەتی کۆریای باکوور قورسە و چارەسەرەکەشی قورس دەبێت، وتیشی سەرۆک ترامپ دەرگایەکی کردۆتەوە کە دەبێت هەموو ئەو هەلانەی دێنە بەردەممان بیانقۆزینەوە تاوەکو داهاتووییەکی ئاشتیانە بۆ گەلی کۆریای باکوور دەستەبەر بکەین.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG