وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ داوای لە سعودیە کرد هاوشێوەی ئیماڕات و بەحرەین پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا " ئاسایی بکاتەوە."
دوای پێشوازیکردنی لە هاوتا سعودییەکەی ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان، پەمپێیۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت تاوتوێی دوو ڕێکەوتنە مێژووییەکەی نێوان ئیسڕائیل لەگەڵ ئیماڕات و بەحرەیندا کراوە کە لە مانگی نۆدا بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ واژۆکران.
پەمپێیۆ وتیشی " ئەوان بەشێوەیەکی بەرچاو بەشدارن لە ئامانجە هاوبەشەکانماندا بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە. ئەوان ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییانەی ئێستان کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن و بەباشی تێگەیشتوون لە پێویستی هاریکاری ناوچەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتەکانی ئێران و خستنەوەی خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا."
پەمپێیۆ وتی " هیوادارین سعودیەش تاوتوێی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا بکات."
بەڵام لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی سعودیە خۆی بەدوورگرت لە قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە و تەنها باسی لە " هەڕەشە هاوبەشەکان کرد، لەوانەش ڕەفتارە تێکدەرە بەردەوامەکانی ئێران."
سەرچاوە/ فرانس پرێس