Accessibility links

پەمپێیۆ: واشنتن هیوادارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وتوێژەکان لەگەڵ کۆریای باکوور دەست پێبکەنەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ وتی ئەمەریکا هیوادارە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو یاخود چەند هەفتەی داهاتوودا وتوێژەکان سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوەکیی لەگەڵ کۆریای باکووردا دەست پێبکەنەوە.

دوای شکستخواردنی کۆبوونەوەی دووەمی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لە هانەوەی پایتەختی ڤیێتنام لە مانگ دوو، وتوێژەکانی نێوان واشنتن و پیۆنگیانگ سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوەکیی کۆریای باکوور وەستان.

سەرۆک ترامپ لە مانگی شەشدا لەسەر سنووری نێوان کۆریای باکوور و کۆریای باشوور جارێکی دیکە چاوی بە کیم جۆنگ ئون کەوتەوە و ڕێکەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی وتوێژەکان لەسەر ئاستێکی کار، بەڵام هێشتا وتوێژەکان دەستیان پێنەکردۆتەوە.

پەمپێیۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ( ئەی بی سی ) وتی " دەزانین سەرۆک کیم بەردەوامە لە بەڵێندان بە داماڵینی چەکی ناوەکی. هیوادارین لە چەند ڕۆژی داهاتوو یاخود لە چەند هەفتەی داهاتوودا بگەڕێینەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵیاندا. ئەمە باشترین ئەنجامە."

لەم هەفتانەی دواییدا کۆریای باکوور وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک لەسەر مەشقە هاوبەشە سەربازییەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور، زنجیرەیەک موشەکی مەودا کورتی تاقیکردۆتەوە.

پەمپێۆ وتی سەرەڕای ئەو تاقیکردنەوە موشەکیانەی کۆریای باکوور، کیم ئەو بەڵێنانەی نەشکاندووە کە بە سەرۆک ترامپی داوە و ئامانجی ئەمەریکا هەمیشە داماڵینی چەکی ناوەکی کۆریای باکوور دەبێت.

وتیشی " پێم وایە سەرۆک ترامپ زۆر نائومێد دەبێت ئەگەر سەرۆک کیم نەگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکردن یاخود ئەو تاقیکردنەوە موشەکییانە ئەنجام بدات کە ئەو ڕێکەوتنانە پێشێل بکات کە لە ماوەی ئەو سێ جارەی یەکتریان بینیوە پێی گەیشتوون."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG