Accessibility links

پەمپێیۆ داوا لە ڕابەرانی ئەرمینیا و ئازەربایجان دەکات پابەندی ئاگربەست بن


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە مایک پەمپێیۆ داوای لە ڕابەرانی ئازەربایجان و ئەرمینیا کردووە پابەندی ڕێکەوتنی ئاگربەست بن کە لە واشنتن واژۆ کرا و دوای ماوەیەکی کورت پێشێل کرا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند لە دوو پەیوەندیی تەلەفونی جیادا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆل پاشنیان و سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام عەلیف، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ داوای لێکردن " پابەندی بەڵێنەکانیان بن بۆ وەستاندنی شەڕ و هەوڵدان بۆ چارەسەرێکی سیاسیی بۆ ململانێکانی ناگۆرنۆ کاراباخ."

ستیڤن بیگەنی یاریدەدەری پەمپێیۆ هەفتەی ڕابردوو لە واشنتن بەجیا لەگەڵ هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازەربایجاندا کۆبۆوە و ڕازیبوون لەسەر وەستاندنی شەڕ، ئەمەش بەمەبەستی دانانی سنوورێک بۆ ئەو شەڕ و پێکدادانانەی کە بوونەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس.

بەڵام کاتژمێرێک پێش جێبەجێکردنی ئاگربەستە مرۆییەکە کە دەبوو بەیانی ڕۆژی دووشەممە جێبەجێ بکرێت، هەردوولا یەکتریان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پێشێل کردنی ڕێکەوتنەکە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی مایک پەمپێیۆ بە ڕابەرانی هەردوو وڵاتی وتووە " هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ ململانێکان نیە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG