Accessibility links

پەمپیۆ: گفتوگۆکان لەگەڵ کۆریای باکووردا بە ئاڕاستەیەکی ڕاستدا دەڕوات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وتی دڵنیایە لەوەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی کۆریای باکووردا بە ئاڕاستەیەکی ڕاستدا دەڕوات بەرەو کۆبوونەوە لوتکەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و کیم ، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە نوێنەرێکی کۆریای باکوور بەرەو واشنتن دەچێت بۆ گەیاندنی پەیامێکی تایبەتی لە ڕابەری کۆریای باکوورەوە بۆ سەرۆک ترامپ.

پەمپیۆ دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ نوێنەری کۆریای باکوور کیم یۆنگ چولدا لە نیویۆرک وتی " وڵاتەکانمان ڕووبەڕووی ساتێکی یەکلاکەرەوە بوونەتەوە لە پەیوەندییەکانی نێوانماندا کە ئەوەش مانای ئەوەیە لەدەستدانی ئەم هەلە کەمتر نیە لەوەی وەکو کارەسات سەیر بکرێت."

هەروەها وتیشی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی کۆریای باکووردا جددی بوون لەگەڵ ئامادەکارییەکانی دوو وڵاتەکەدا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " کۆبوونەوەکان بەباشی بەڕێوەچوون."

لەلای خۆشیەوە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی گفتوگۆکان لەگەڵ کۆریای باکووردا لە نیویۆرک زۆر ئەرێنی بوون و چاوەڕێی پەیامەکەی کیم جۆنگ ئون دەکات.

سەرۆک ترامپ وتی " حەز دەکەم بزانم چی لە پەیامەکەدا هەیە."

جێی ئاماژەیە لەکاتێکدا ئەگەر شاندەکەی کۆریای باکوور بچن بۆ کۆشکی سپی ئەوا یەکەمین سەردانی ئاست بەرزی شاندێکی کۆریای باکوور دەبێت لە ساڵی 2000 ەوە کاتێک کە مارشاڵ جۆ میۆنگ ڕۆک چاوی بە سەرۆک بیڵ کلینتن کەوت.

سەرۆک ترامپ وتیشی " هیوادارم کۆبوونەوە لوتکەکە بەسوود بێت، ئەوە مانای ئەوە نیە هەموو شتەکان بە یەک کۆبوونەوە جێبەجێ بکرێن، لەوانەیە پێویست بە کۆبوونەوەی دووەم و سێیەم بکات و لەوانەشە هەر کۆبوونەوە ئەنجام نەدرێت، بەڵام شتەکە باش بەڕێوەدەچێت، بەس دەتوانم ئەوەتان پێبڵێم."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG